پسپۆڕێكی بواری یاسایی لە عێراق پێی وایە شێوازی نوێیی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لەئەنجومەنی نوێنەران و كاندیدی سەرۆكایەتییەكان دروست دەكات.
تارق حەرب، پسپۆری بواری یاسایی لە عێراق، بەتۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند،” شێوازی نوێی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق زیاتر لە%53 گۆڕانكاری لەئەنجومەنی نوێنەران دەكات و گۆڕانكاری لەكاندیدی نوێی سێ سەرۆكایەتییەكە دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، سیستمی نوێی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانكاری تێداكرا، وەڵامی بەشێك لە داخوازییەكانی شەقامە و ئەگەرێكی بەهێزیشە، كە گۆڕانكاری لەعێراق دروست بكات.
دەربارەی چانسی كاندیدبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەش، تارق حەرب دەڵێت، “لەئێستادا تەنها سەدرییەكانن باس لە وەدەكەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتوو لەوان بێت، ئەگەرنا لەنێو لایەنەكانی دیكە، ئەو پرسە بوونی نیە بەهۆی ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتیانەی كە دروستكراون كەسیان ناتوانن بەتەنها حكومەت پێكبهێنن”.
ڕونیشیدەكاتەوە،” ئەو لایەن و هاوپەیمانێتییە نوێیانەی دروست بوون دەتوانن لە% 35 كورسییەكان بەدەستبهێنن و ئەوەی دیكەش هەرلایەنە دەسەڵاتدارییەكانی عەرەب و كورد بەدەستی دەهێننەوە.
بڕیارە لە10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و بەگوێرەی داتاكانی كۆمیسۆن 39 هاوپەیمانی نێو لایەنەكان دروستبووە و نزیکەی 265 حزبی سیاسیش خۆیان تۆمارکردووە، هاوكات سێ هەزار و523 كاندید هەن كە هەزار و دوو كاندیدیان هی هاوپەیمانێتییەكان و هەزار و 634 كاندیدیش هی حزبەكان و 887 كاندیدیش سەربەخۆن.