وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی ئەوەی لە میدیاكان هەیە، كە ڕووداوەكانی توندوتیژیی كۆمەڵایەتی دەكرێنە بابەتی میدیایی بەرفراوان و زەقدەكەنەوە، پێی وایە ئەو كارە هاندەرە بۆ برەودان بە ئاڕاستەی توندوتیژی.
لە نوسراوێکدا، کە وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی سەرجەم میدیاکانی کردووە، هاتووە، “پیشاندان و بڵاوکردنەوەی هەر دیمەنێکی توندوتیژی و کوشتن و زەقکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوان وەرگرتن، هاندانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بینەرانە بەئاڕاستەی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی”.
لە نوسراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری بە میدیاكان دەڵێت، “ئاگادارتان دەکەینەوە خۆتان بەدوور بگرن لەو جۆرە پەخشکردنە و ئەو بابەتانەی دەبنە هۆکاری تێکدانی باری دەروونیی خەڵک و شیرازەی خێزان، بەپێچەوانەوە کەناڵە سەرپێچیکارەکان ڕوبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە”.