یاریی شەترەنج پەیوەندی بە دابەزاندنی کێشەوە هەیە؟

دابەزاندنی کێش بە وەرزشی ئەنجام دەدرێت و وەرزشکارە جیهانییەکان بەردەوام سەرقالی ئەنجامدانی جۆرەها مەشق و ڕاهێنانی تایبەتن بۆ ئەو مەبەستە.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تەنها لەڕێگەی ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانەوە مرۆڤ دەتوانێت کێشی جەستەی داببەزێنێت؟

چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەریانخستووە، جگە لە وەرزشکردن چەند ڕێگەیەکی تریش بۆ سوتاندنی کالۆری و دابەزاندنی کێش کاریگەرییان هەیە و بۆنمونە یاریی شەترەنجیان دیاریکردووە وەک جۆرە میکانیزمێک بۆ دابەزاندنی کێش.

لە ئێستا سپۆرتەوە بنکۆڵکارییەکمان لەوبارەیەوە ئەنجامداوە و زانیارییەکانتان بۆ ئاشکرا دەکەین.

لێکۆڵینەوەکەی سابولسکی

ڕۆبێرت سابولسکی پزیشکی زانستیی و نەشتەرگەری دەمار (اعضاب) کە پسپۆرە لەبواری “سترێس” و لەزانکۆی ستانفۆرد وانە دەڵێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر یاریزانە پیتشوەرەکانی بواری شەترەنج ئەنجامداوە.

لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەریخستووە، یاریزانانی بواری شەترەنج سەرباری دانیشتنی بەردەوام و جوڵە نەکردنیان، بەڵام هێشتا زیاتر لە کەسێکی ئاسایی کالۆری دەسوتێنن.

بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، ناکرێت مرۆڤ یاریی شەترەنج بکاتە سەرچاوەیەک بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام نکوڵی لەوەش ناکرێت کە لە خولێکی پاڵەواناندا شەترانجزانێک لە یەک ڕۆژدا شەش هەزار کالۆری دەسوتێنێت، ئەوەش کۆی یەک کیلۆگرام قورسایی جەستە دەکات لە یەک هەفتەدا.

واتا ئەگەر خولێکی شەترەنج (١٠) ڕۆژ بخایەنێت، یاریزانەکان بەلایەنی کەمەوە شەش کیلۆگرام لە کێشی جەستەیان کەم دەبێتەوە.

پڕۆسەکە لەڕووی پزیشکیەوە چۆن ڕوودەدات؟

مرۆڤ وزەی پێویست لەڕێگەی ژەمە خۆراکەکانی ڕۆژانەوە بەدەست دەهێنێت، لە جەستەدا دەبنە کالۆری کە بە یەکەی وزە ناودەبرێت، بۆ هەر کارێک دەبێت سەدان کالۆری بەکاربخەیت تا جەستەت لەگەڵ دۆخەکەدا خۆی بگونجێنێت.

بەپێی لێکؤلینەوە پزیشکیەکان، لە یەک ڕۆژدا مرۆڤ تەنها لەڕێگەی چالاکیەکانی دەماغەوە لەسەدا (٢٠)ی وزەی خۆی لەدەست دەدات. مارکۆس ڕایچیڵ مامۆستای پزیشکی پێشکەوتوو لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی واشنتن لە سانت لویس، بە گۆڤاری “تایم”ی ڕاگەیاندووە، ” هەر کاتێک لێکدانەوەکانی دەماغ و ئەرکەکانی زیادیان کرد، زیاتر کالۆری بەکاردەخات بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکان، هەشت کاتژمێر بیرکردنەوە بڕی (٣٢٠) کالۆری بەگەڕدەخات و دەسوتێنێت”.

پڕۆسەی لەدەستدانی کێش کاتێک ڕوودەدات کە یاریزانی شەترەنج لەبیرکردنەوەدا جیاواز لە بوارەکانی تر هەست بە مەترسی دەکات، ئەوەش زنجیرەیەک گۆڕانکاری فسیۆلۆجی دروست دەکات و ڕێژەی لێدانەکانی دڵی بەرز دەکاتەوە، لێرەدا جەستە پێویستی بە ئۆکسجینی زیاتر دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەگەڕخستنی زیاتری یەکەکانی وزە.

میخائیل ئانتیپۆڤ و سێ هێندەی وزە

لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر ڕۆبێرت سابولسکی دەریانخستووە، کە شەترەنجزانێکی وەک میخائیل ئانتیپۆڤی ڕوسی تەمەن (٢١) ساڵ، لەماوەی دوو کاتژمێر یارییکردندا ڕێژەی (٥٦٠) یەکەی وزەی بەکاربردووە.
سەرەڕای ئەوەی یارییەکە بە دانیشتنەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێندەی (٣٠) خولەکی یاریزانێکی تێنسی سەرزەوی کالۆری دەسوتێنێت.

کۆی گشتی سوتاندنی کالۆری لەلایەن یاریزانێکی تێنسەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک (٧٢٨) یەکەی وزەیە، چونکە یاریزانانی ئەم بوارە ناچارن جوڵەی بەردەوام بە یەک ئاڕاستە و پێچەوانەکەشییەوە ئەنجام بدەن.

کورتەی ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا دەردەکەوێت، یاریزانی شەترەنج لەکاتی یارییەکاندا سێ هێندەی مرۆڤێکی ئاسایی کالۆری دەسوتێنن و دەتوانن لە خولێکی ئاساییدا ڕۆژانە یەک کیلۆگرام لە کێشی جەستەیان داببەزێنن، هەروەها شەش کیلۆگرام لە ماوەی (١٠) ڕۆژدا لە کێشی جەستەیان کەم بکاتەوە، هەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی هیچ جموجۆڵێکی وەرزشییان ئەنجامدابێت.

بابەتی پێشتر

شەش باشترین ساتەکانی ژیانی مارادۆنا لە تێپەڕاندنی کابرێراوە بۆ پەکخستنی میلان

بابەتی دواتر

لە کەرەنتین بەبێ وەرزشکردن و بە (١١) هەنگاو هەڵئاوسان و چەوری ورگت کەمبکەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share