شازادەی سعودیە خەونەکەی ھێتلەر دەھێنێتە دی و لەشارێکدا جیهانی وەرزش کۆدەکاتەوە

محەمەد بن سەلمان شازادەی سعودیەی عەرەبی، پلانی داڕشتووە لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٠ وڵاتەکەی لەڕووی دارایی و وەرزشییەوە چەند ھەنگاوێک بەرەوپێش ببات و جیھان لە شارێکی بچوکدا کۆبکاتەوە.


پاش وەرگرتنی کورسی شاھانە لەلایەن شا سەلمانی باوکیەوە، محەمەد بن سەلمانی کوڕ و شازادە توانیویەتی کۆنترۆڵی زۆرینەی بوار و سێکتەرەکانی وڵاتی سعودیە بکات، لەماوەی چوار ساڵی فەرمانڕەوانیی خێزانی شا سەلماندا شازادەی کوڕ چەندین کەیسی سیاسی لەسەر دروست بووە، کە گرنگترینیان کەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسە لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا.

جگە لەوە، حکومەتی سعودیە یەکێکە لەو حکومەتە ڕۆژھەڵاتیە ئیسلامیانەی کێشەی بەردەوامی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی ھەیە، بەوپێیەی تەنھا لە ئەمساڵدا (١٤٦) بڕیاری لە سێدارەدان لەلایەن دادگاکانی ئەم وڵاتەوە دەرچووە و تەنھا ھەندێکیان جێبەجێ نەکراون.

سعودیە لەڕووی وەرزشییەوە لەو ئاستە باڵایەدا نییە نازناوە گەورەکانی وەک مۆندیال و جامی کیشوەرەکان بەدەست بھێنێت، بەڵام بەھۆی بوونی سەرمایەداری بێشومار و دەوڵەمەندی وڵاتەکەوە بەگشتی، توانیویانە لەڕێگەی ڕێکخستنی چەندین ڕووبەروبونەوەی وەرزشە تایبەتەکانەوە تا ڕادەیەک ڕوخسارێکی تر نیشانی جیھان بدەن.

لەم وەرزەدا ڕووبەڕوبونەوەی بۆکسێنی نێودەوڵەتی بۆ کێشی سەرو قورس لەنێوان ئاندی ڕویزی مەکسیکی و ئانتۆنی جۆشوای بەریتانی سازدەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش یاریگای (الدرعیە)یان لەماوەی دوو ھەفتەدا بیناکردووە، کە لەڕووی کوالیتیەوە دروستکراوی ئەندازیارانی بیانیە و لە جیھاندا ھاوتای نییە.

بڕیاریشە لەداھاتوودا جامی سوپەری ئیسپانیا بە کۆپیە نوێیەکەی لە ھەمان وڵات ئەنجام بدرێت، کە تیایدا یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و ڤالێنسیا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بەشدارن.

شازادە ڕووی سعودیە بە شاری خەونەکان سپی دەکاتەوە
شازادە محەمەد بن سەلمان درکی بەوە کردووە، کە ڕێکخستنی پاڵەوانێتی و خولەکان لە وڵاتەکەیدا بەو شێوازە بەربڵاوە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە سودێکی ئەوتۆی نییە، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٧ گڵۆپی سەوزی داگیرساند بۆ بونیادنانی شاری خەونەکان کە لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی ناوازەدا سەرجەم بۆنە وەرزشییەکان کۆدەکاتەوە.

شاری خەونەکان لەژێر ناوی “نیۆم” لە باکوری ڕۆژئاوای سعودیە (ناوچەی تەبوک) بونیاد دەنرێت و بەشێک لە خاکی وڵاتانی میسڕ و ئوردن دەگرێتەوە، پێوانەی شارەکە (٢٦،٥٠٠کم) کیلۆمەتر دەبێت و ٤٦٠ کیلۆمەتری دەکەوێتە سەر دەریای سور و بەشێکیش لە سینای میسڕ داگیردەکات، پێگەی شارەکە ھێندە ستراتیجیە بەپێی پێوانەی سەرجەم وڵاتان لەھەر فڕۆکەخانەیەکی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقاوە ئەوپەڕی بە ھەشت کاتژمێر پێی دەگەیت.

 تێچووی شاری “نیوم” بە بڕی (٤٠٠) ملیار پاوەند خەمڵێنراوە و یاساکانی ڕۆژئاوای تێدا پەیڕەو دەکرێت، تیایدا ژنان بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک یاسا ئیسلامیەکانی سعودیە، کچان و ژنان دەتوانن بەبێ حیجاب و بەھەر شێویەک پێیەکانیان بخەنە ئەم شارەوە و بۆ یەکەم جاریش لەمێژوودا ڕێگە بە خواردن و خواردنەوە کحولیەکان دەدرێت.
حاڵی حازر شازادەی سعودیە چەندین ئەندازیاری بیانی ڕاسپاردووە و پڕۆژەکە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و تێچووەکەی لەلایەن سندوقی وەبەرھێنانی سعودیەوە دابین دەکرێت، لەدوای بیناکردنی ھەوڵدەدرێت یەکێک لە گەڕەکانی پاڵەوانێتی جیھانی “فۆرمولا ١” ی بۆ مسۆگەر بکرێت و ئەگەریش زۆرە بتوانن کۆنترۆڵی چەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بکەن و مافەکانیان لە یەکێتیەکانی تۆپی پێ و یەکێتیەکانی تر بکڕنەوە.

شارەکەی شازادەی سعودیە بە “شاری سەرمایەداری” وەسف دەکرێت، کە لە دوای بونیادنانی تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕێژەی گەشتیاری وڵاتەکە بەرز دەکاتەوە بەشێوەیەک چیتر سعودیە لەگەڵ نەوتدا دەتوانێت سود لە بودجەی شارە نوێیەکە وەربگرێت، ھەروەھا لەڕووی بازرگانی و وەرزشییەوە ڕووی سعودی و سعودیەکان سپی دەکاتەوە.

پلانەکەی شازادە محەمەد بابەتێکی نوێ نییە!
ئەدۆڵف ھێتلەر، سەرۆکی پارتی نازیی ئەڵمانیا بەر لەدەستپێکی جەنگی جیھانی دووەم پلانی داڕشتبوو شارێکی وەرزشیی دروست بکات، کە ھاوشێوەی بیرۆکەکەی شازادەی سعودیە دەوەستێتەوە.
دیکتاتۆرەکەی ئەڵمانیا بەنیازبووە شارێکی وەرزشیی بە ھێزی بازووی خەڵک و توانای بزوێنەرەکانی ئەڵمانیا بونیاد بنێت، تیایدا یاریگای ئۆڵۆمپی و نشینگەی وەرزشکاران و یاریگاکانی تری بواری وەرزش لەخۆبگرێت.
ھەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وابووە، ئەگەر ھێتلەر فریای ئەو خەونەی بکەوێت دەتوانێت ھاوشێوەی بوارە سەربازیەکان کۆنترۆڵی جیھان بکات، بەشێوەیەک کە چیتر ئۆڵۆمپیاد بەردەوام لە ئەڵمانیا ئەنجام بدرێت و مافی ئەوەیان دەبوو داوای ڕێکخستنی زۆرینەی بۆنە وەرزشییەکان بکەن، بەڵام جەنگی جیھانی ڕێگەی نەدا ھێتلەر پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات و لە ئێستادا شازەدە محەمەد بن سەلمان ھەمان خەونی دیکتاتۆرەکەی بەشێوەیەکی سەردەمیانە “ئەپدەیت” کردۆتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕووداوە نەخوازراوەکانی کلاسیکۆ لە شەڕە بوتڵەکەی مەدریدەوە بۆ سەرە بەرازەکەی فیگۆ

بابەتی دواتر

مێسی کەی وازدەھێنێت؟ ئەفسانەکانی پێشوو لە چ تەمەنێکدا پێڵاوەکانیان ھەڵواسی؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share