(بەر لە وازهێنان) چاوەڕوان دەکرێت کریستیانۆ شەش ڕیکۆردی هەتا هەتایی تۆمار بکات

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی یەکێکە لە ئەفسانە زیندووەکانی سەردەمی نوێ و لەتەمەنی (٣٤) ساڵیدا لەنێو یاریگاکانی کیشوەری ئەوروپا بەردەوامە، لەپلانیشیدا نییە بەم نزیکانە وازهێنان ڕابگەیەنێت.

ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی ئاماژەی کردووە، دۆن کریستیانۆ پاڵپشت بە ئامۆژگاری ڕاهێنەرە جەستەییەکانی خۆیی و یانەی یوڤانتۆس بڕیاریداوە تا تەمەنی (٣٨) ساڵی لەنێو یاریگا ئەوروپیەکاندا یاریی بکات، ئەوەش دەرفەتی شکاندنی چەند ڕیکۆردێکی مێژوویی پێدەدات کە دواتر مەحاڵە هیچ یاریزانێکی تر بیانشکێنێت.

زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتی
یاریزانە پورتوگالیەکە (٩٩) گۆڵی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە و بە تۆمارکردنی (١٠) گۆڵی تر دەتوانێت ڕیکۆردە مێژووییەکەی عەلی دایی ئەفسانەی ئێرانی بشکێنێت (عەلی دایی ١٠٣ گۆڵی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە)، پێشتریش توانیویەتی چەندین ئەفسانەی وەک پیلێ و پوشکاش و میرۆسلاڤ کلۆزە تێپەڕینێت.

زۆرترین بەشداری
تائێستا کریستیانۆ لە (١٦٤) یاریی نێودەوڵەتیدا بەشداری کردووە و توانستە جەستەییەکانی هەلی یاریکردنی زیاتری پێدەدەن، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەرەودوا ئەرکی بەشداریکردن دەبێت لە زۆرترین یارییە نێودەوڵەتیەکان و شکاندنی ڕیکۆردی جیانلویجی بوفۆنی ئیتاڵی کە لە (١٧٦) یاریی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە، دواتریش ئەحمەد حەسەنی میسڕی کە (١٨٤) یاریی بۆ هەڵبژاردەی فیرعەونەکان کردووە.

گۆڵ و جامی جیهانی
کریستیانۆ یەکێکە لەو چوار ئەفسانەیەی لە چوار مۆندیالدا گۆڵیان تۆمار کردووە لەپاڵ (زیلەر و پیلێ و کلۆزە)دا، بەشداریکردنی لەمۆندیالی قەتەری ٢٠٢٢ چانسی ئەوەی پێدەدات گۆڵ تۆمار بکات، ئەگەر ئەو کارەش بکات دەبێتە تاکە یاریزان لەمێژووی تۆپی پێدا لە پێنج مۆندیال گۆڵ تۆمار دەکات.

بەشداریکردن لە یورۆ
ئیکەر کاسیاسی ئیسپانی تاکە یاریزانە لە پێنج کۆپی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەشداری کردووە، ئەگەر کریستیانۆ بەشداری یورۆی ٢٠٢٠ بکات هاوبەشی لەگەڵ بوفۆن و زلاتان هەڵدەوەشێنێتەوە و دەبێتە دووەم یاریزان لەگەڵ کاسیاس لە پێنج پاڵەوانێتی ئەوروپا بەشداریان کردبێت.

گۆڵکاری خولی نەتەوەکانی ئەوروپا
تائێستا کریستیانۆ هاوشانی میشێل پلاتینی ئەفسانەی فەرەنسا تەنها یاریزانن نۆ گۆڵیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا تۆمار کردووە، ئەگەر کریستیانۆ لە یورۆی ٢٠٢٠ تاکە گۆڵێک تۆمار بکات ئەو ڕیکۆردە دەشکێنێت.

زۆرترین بردنەوە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا
کریستیانۆ لەپاڵ سیسک فابریگاس و ئەندرێس ئینێستا توانیویانە (١١) بردنەوە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا تۆمار بکەن، ئەگەر لە هاوینی ٢٠٢٠ بتوانێت بەدرێسی پورتوگالیەوە یاریی تر بباتەوە، ئەو هاوبەشییە هەڵدەوەشێنێتەوە و دوو یاریزانە ئیسپانیەکە دەخاتە دوای خۆی.

بابەتی پێشتر

مێسی کەی وازدەھێنێت؟ ئەفسانەکانی پێشوو لە چ تەمەنێکدا پێڵاوەکانیان ھەڵواسی؟

بابەتی دواتر

کلاسیکۆی ئیسپانیا، کلاسیکۆی زەوی و چەندین ناسناوی تر...

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share