ئەنجومەنى كۆمسيارانى كۆمسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان، هاوپەیمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانی بەناوی “هاوپەيمانیى كوردستان” تۆمارکرد.
لەسەر ئەو پرسە ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هاوپەیمانێتییەکە بۆ کورد لە بەغداد سوودێکی زۆری دەبێت و ئێمە لەگەڵ گۆڕان هەوڵمانداوە بەو هاوپەیمانییە لە ئایندەدا کاریگەریی زیاترمان لە پرسە نیشتمانییەکاندا هەبێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکان زیاتر پارێزگاری لە کورد دەکات لە بەغداد و یەکێتی هەوڵی خۆیدا، لە ئایندەشدا بەو هاوپەیمانییە کاریگەریی خۆی و کورد لە بەغداد نیشان دەدات”.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانێتییەوە هەماهەنگییان دەبێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و هەڵبژاردنی کاندید بەپێی خوێندنەوەی ئاستی دەنگی بازنەکان.