پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی داعشی بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند، ئەوجۆرە هێرشانە دووپاتکەرەوەی ئەو ڕاستییەیە، کە دەبێت هەرچی زووترە هەولێر و بەغداد لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان ڕێکبکەون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، “شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لە میحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون”.
پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، “دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە، کە هەرچی زووترە هەولێر و بەغداد لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە”.
پەرلەمان جەختیکردووەتەوە لە پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە، بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە هەڕەشەی تیرۆریستان و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان، کە هەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.