“نزیكبوونەوە لەنێوان سەدر و سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق هەیە”

موقتەدا سەدر

نزیكبوونەوە لەنێوان سەرۆكی ڕەوتی سەدر و سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی سەدر وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكییەكان ڕەتدەكاتەوە بەڵام “لە زۆرێك لە بەرژەوەندییەكاندا هاوبەشن”، وەك ئەوەی لە وتارێكی گۆڤاری (ئیكۆنۆمیست)ی بەریتانیدا هاتووە.

وتارەكە كە ڕۆژی هەینی بڵاوبووەتەوە، پەیوەندی موقتەدا سەدر بە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێرانەوە بە “گرێیاوی” ناودەبات، بەجۆرێك سەرەڕای ڕەخنە بەردەوامەكانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و دژایەتیكردنی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات، بەڵام بەمدواییە پێشوازیكرد لە “بەیاننامەی هەردوو حكومەتی ئەمریكا و عێراق كە جەخت لەسەر بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەنەوە”.

هەروەها سەدر بەمدواییە ئیدانەی ئەو هێرشە موشەكییانەی كرد كە “میلیشیاكانی پشتیوانكراو لەلایەن ئێرانەوە كرایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و فڕۆكەخانەی هەولێر كە سەربازانی ئەمریكای لێیە”.

پێدەچێت ئەم هەڵوێستانە، بەپێی وتارەكەی ئیكۆنۆمیست، بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی “سەدر پێیوایە قەڵەمڕەویی ئێران لە عێراق هەڕەشەیە بۆ دەسەڵاتەكەی”.

ئێران، بەپێی گۆڤارەكە، “قەڵەمڕەویی” خۆی لە عێراق لەڕێی میلیشیا ناوخۆییەكان و ئەو سیاسیانەوە دەردەخات كە پشتگیرییان دەكات، بەشێوەیەكی سروشتیش “ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەوە بە هەڕەشە دەبینێت”، وا دەردەكەوێت سەدر-یش هەمان تێڕوانینی هەبێت.

هەروەك لەسەر زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە كە ناوی ئاشكرانەكردووە دەڵێت، “عێراق لە حاڵەتی فەوزادایە و ئێران بۆشاییەكە پڕدەكاتەوە و هێزی سەدر ئەو تاكە هێزە بەهێزەیە كە دەكرێت ڕوبەرووی (ئێران) ببێتەوە”. هەندێك لە ڕۆژئاواش هاوڕان لەسەری وەك ئەوەی گۆڤارە بەریتانیەكە باسیدەكات.

دەشڵێت، “هەندێك لە ئیدارەی ئەمریكا هانی هاوپەیمانێتی ئەمریكا دەدەن لەگەڵ سیاسییەكان لە عێراق وەك سەدر، بەر لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە تشرینی یەكەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت”.

ڕونیشیكردوەتەوە، سەدر تاوتوێی ئەنجامدانی ڕێككەوتنی هەڵبژاردن لەگەڵ سیاسیە عەرەبە سونی و كوردەكان دەكات، هەروەك پشتیوانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران دەكات.

س: ئەلحوڕە + ئیكۆنۆمیست

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی کوردستان: هێرشەکەی پردێ نیشانیدا دەبێت چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان یەکلایی بکرێتەوە

بابەتی دواتر

کریستاڵ پاڵاس 0-2 مانچستەر سیتی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە

ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوا لە هاوڵاتییان و ئەندامانی ڕەوتەکەی دەکات بەشداریی لە هەڵبژاردن بكەن و پشتیوانیی لە پڕۆژەی…
Total
0
Share