دیتمار هۆپ.. لە چارەگرانی ئەڵمانیاوە بۆ فریادڕەسی جیهان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

دیتمار هۆپ، سەرۆکی یانەی هۆفینهایمی ئەڵمانی یەکێکە لە ملیاردێرە ئەڵمانییەکان، کە لەماوەی ڕابردوودا پڕۆژە یاسای گواستنەوەی خاوەندارێتی یانەکانی ئەڵمانیای پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە کرد.

سەرۆکی ناوبراو لە پڕۆژە یاسایەکدا داوای کردبوو سەرمایەداران زیاتر لە نیوەی یانەکانی ئەڵمانیا بگرنە ئەستۆ و بەشە کەمەکەی بۆ هاندەران بێت، ئەم هەڵوێستەشی ناڕەزایەتی هەوادارانی تۆپی پێی ئەڵمانیای لێکەوتەوە.

لەڕووبەڕوبونەوەی نێوان یانەکانی بایرن میونشن و هۆفینهایم هاندەران هێندە بە گەرموگوڕی ناڕەزاییان نیشاندا داوەر ناچاربوو دووجار یارییەکە ڕابگرێت، لە زۆرینەی یاریگاکانی دیکەی ئەڵمانیاش نوسراوی گەورە لە دژی ئەم سەرۆکە و پڕۆژەکەی بەرزکرایەوە، پیاوە ملیاردێرەکە بووە کەسێکی چارەگران لەبەردەم هەوادارانی تۆپی پێدا.

هۆپ خەریکە دەبێتە فریادڕەسی جیهان

ڕۆژنامەی دێر شبیگلی ئەڵمانی بە بەڵگەوە ئاشکرای کردووە، دیتمار هۆپ کە خاوەنی کۆمپانیای “کێرڤاک”ی ئەڵمانییە، لەڕێگەی شارەزایانی کۆمپانیاکەیەوە گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی دژە کۆرۆنا، بەهۆیەوە هەموو توشبووانی جیهان چارەسەر دەکرێن.

هۆپ لەهەمان کاتدا هاوبەشی کۆمپانیای “بیڵ ئاند میلیندا”یە کە بەهاوبەشی لەگەڵ “کێرڤاک” قۆڵیان لێهەڵماڵیوە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک لەدژی هەموو جۆرە پەتایەکی جیهیانیی.

سەرچاوەکە دووپاتیکردۆتەوە، هۆپ و حکومەتی ئەڵمانیا بێزارن لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بەوپێیەی ئەم سەرۆکە ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵی بێوچان دەدات لەڕێگەی پێشکەشکردنی بۆند و پارەی خەیاڵییەوە شارەزایانی کۆمپانیای “کێرڤاک” پەلکێشی ئەمریکا بکات.

سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت شارەزایان بەهەموو بیروبۆچوون و بەڵگە زانستییەکانیانەوە بگەیەنێتە ئەمریکا و لە تاقیگەکانی ئەو وڵاتە ڤاکسینەکە بەرهەمبهێنن، دواتریش لەڕێگەی بۆندی گرانبەهاوە بە وڵاتانی دیکە بفرۆشرێت.

هۆپ لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە یەکێک لە کەناڵەکانی ئەڵمانیای ڕاگەیاندووە، ترەمپ پاڵپشتی هەوڵەکانیان ناکات، بەڵکو نایەوێت ئەڵمانیا ڤاکسینەکە بەخێرایی بەرهەم بهێنێت و بە ئاشکرا بێزاری لەجموجۆڵەکانی ئەو سەرۆکە دەربڕیوە.

پیتەر ئالتمێری وەزیری ئابوری ئەڵمانیا لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ” بڕیارێکی مەزن بوو لەلایەن کۆمپانیای کێرڤاکەوە درا، بڕیاریاندا ڤاکسین بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەرهەمبهێنن، گرنگترین خاڵیش کە پێویستە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە تێیبگەن ئەوەیە، کە ئەڵمانیا بۆ فرۆشتن نییە”.

لەلایەکی دیکەوە هۆرست زیهۆڤەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دووپاتیکردۆتەوە، کە لەڕێگەی حکومەتی ئەڵمانیاوە لێکۆڵینەوە لەبارەی دەستتێوەردانی ئەمریکا دەکەین لە کاروبارەکانی کۆمپانیای “کێرڤاک”،
هەروەها ئاشکرایکردووە، کە حکومەتی ئەمریکا لەڕێگەی واژووکردنی بۆندێکەوە دەیەوێت بەشێک لە کۆمپانیاکە بکڕێتەوە دواتر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا تایبەت بکات بە توشبووانی ئەمریکا.

بەپێی سەرچاوەکان، دیتمار هۆپ لەدژی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەستاوەتەوە و ڕێگە نادات کۆمپانیاکەی لەلایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵکو بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی.

ئەم ڤاکسینەی مەکینەکانی ئەڵمان ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەگەر بکەوێتە بەردەستی حکومەتی وڵاتان دەتوانن بە یەک بەکارهێنانی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە لەتوشبووانیاندا نەهێڵن و بگرە ڕووبەڕوی کۆرۆنا و هەموو پەتا جیهانییەکان ببنەوە.

بابەتی پێشتر

(سه‌رکێشەکانی کلاسیکۆ) ئه‌و یاریزانانه‌ی شێتانه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان گێڕا و هانده‌رانیان توڕه‌ کرد

بابەتی دواتر

زیانەکانی کۆرۆنا.. تۆپی پێی ئەوروپا لە ئیفلیجبوونەوە بۆ مایەپوچبوون هەنگاو دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share