(سه‌رکێشەکانی کلاسیکۆ) ئه‌و یاریزانانه‌ی شێتانه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان گێڕا و هانده‌رانیان توڕه‌ کرد

بڕیارە ئەمشەو یەکشەممە کاتژمێر (١١:٠٠) بەکاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی کلاسیکۆی گەڕانەوەی لالیگا لەنێوان یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە ئەنجام بدرێت.

وەک هەمیشە لەڕووبەڕوبونەوەکانی کلاسیکۆدا چاوەڕوانی کاردانەوەی توندی یاریزانان و جموجۆڵ و ئەنجامی چاوەڕواننەکراو دەکرێت، ئەم دیاردەیەش چەندین ساڵە لە کلاسیکۆکاندا بوونی هەیە و دووبارەبوونەوەیان پەیوەندی بە گەرموگوڕی ململانێکانی وەرزەوە هەیە.

لەم وەرزەشدا جیاوازی خاڵەکانی نێوان هەردوو یانە تەنها دوو خاڵە و بردنەوە تاموچێژی سەرکەوتنی بۆ هەریەکێک لە دوو جەمسەرەکە هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کلاسیکۆی گەڕانەوە لە بێرنابیۆ ئاسایی نەبێت.

یه‌کێک لەو جموجۆڵە سەیرانەی هەمیشە لە کلاسیکۆکاندا دووبارە دەبێتەوە شێوە ئاهه‌نگگێڕانی شێتانەی یاریزانانە، بەدرێژایی مێژووی کلاسیکۆی سەردەمی نوێ ئەم ڕووداوانە ڕوویانداوە و بەهۆیەوە هاندەران توڕەیی دایگرتوون:

کالما کالمای کریستیانۆ: کلاسیکۆی گه‌ڕانه‌وه‌ وه‌رزی ٢٠١١ – ٢٠١٢ له‌کاتێکدا هه‌ردوو یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ و ڕیاڵ مه‌درید به‌ گۆڵێک یه‌کسان بوون، هانده‌رانی یانه‌ که‌ته‌لۆنییه‌که‌ ته‌واوی نیو کامپیان بە وتنەوەی دروشمی “گۆڵێکی تر … گۆڵێکی تر” هەژاندبوو.

ئه‌م داواکارییه‌ی هانده‌رانی یانه‌ که‌ته‌لۆنییه‌که‌ له‌خوله‌کی (٧٣) به‌ گۆڵێکی یەکلاکەرەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی‌ وه‌ڵام درایه‌وه‌، پاش گۆڵه‌که‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و دانیشتگای یاریگا ڕایکرد و دەیووت: کالما … کالما.

“کالما … کالما” بەزوبانی ئیسپانییەکان واتای هێوربوونەوە دەگەیەنێت.

له‌وکاته‌دا میدیاکانی که‌ته‌لۆنیا ڕەخنەیەکی زۆریان لە دۆنی پورتوگال گرت و تۆمەتباریان کرد بە سوکایەتیکردن بە هانده‌رانی بارسا، تەنانەت نزیکبوو‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا سزا بەسەر ئەفسانە زیندووەکەدا بسەپێنێت، به‌ڵام بڕیارەکە نەدرا.

وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کیش بۆ ڕەخنەی کەتەلۆنییەکان، پاش دوو وه‌رز لەو گۆڵە “دۆن” هه‌مان شێوه‌ ئاهه‌نگێڕانی لە نو کامپ دووباره‌ کرده‌وه‌.

پیکێ و پێنج گۆڵەکە‌: له‌وه‌رزی ٢٠١٠ – ٢٠١١ و له‌یه‌که‌م کلاسیکۆی مۆرینیۆ وه‌ک ڕاهێنه‌ری ڕیاڵ مه‌درید، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ زۆر به‌توندی سزای ڕاهێنه‌ره‌ سپیشه‌ڵه‌که‌یان دا‌ (٥ – ٠) سه‌رکه‌وتنیان تۆمار کرد.
ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مێژووییه‌ وه‌ڵامێک بوو بۆ ئه‌و شکسته‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ کوڕانی ئینته‌رمیلان له‌خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان توشی یانه‌ که‌ته‌لۆنیه‌که‌ی کردبوو.

جێرارد پیکێ، به‌رگریکاری ناوداری ئازولگرانا نه‌یتوانی ڕوحیەتی وه‌رزشیی بپارێزێت و ڕاسته‌وخۆ ‌دوای یارییه‌که‌ به‌ ئاماژه‌ی ده‌سته‌کانی سوکایەتی بە مۆرینیۆ و هانده‌رانی‌ یانه‌ی شاهانه‌ کرد (ئاماژه‌ی بۆ پێنج په‌نجه‌که‌ی ده‌ستی ده‌کرد که‌ واتای پێنج گۆڵ ده‌گه‌یه‌نێت).

وەڵامەکەی مۆرینیۆ بۆ پیکێ: له‌ قۆناغی نیوه‌ی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و له‌یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ڕیاڵ مه‌درید سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر به‌رشلۆنه‌ تۆمار کرد.

وادیاربوو‌ جوزێ مۆرینیۆ هێشتا سوکایەتیەکەی پیکێی لەبیرنەکردووە و به‌ ئاماژەی په‌نجه‌کانی لە نو کامپ له‌گه‌ڵ هاوکارانی گوزارشتیان له‌سه‌رکه‌وتنه‌که‌ کرد، دواتریش وێنه‌کانیان له‌ تۆڕە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ بڵاوکرایەوە‌.

ڕائول و بێده‌نگ کردنی (٩٠) هه‌زار که‌ته‌لۆنی: له‌ساڵی ١٩٩٩ و له‌ کلاسیکۆی نو کامپ هاندەرانی بارسا دژی ڕائول گۆنزالێسی ئەفسانەی ڕیاڵ مەدرید وەستانەو، کاتێک تۆپ‌ ده‌کەوتە‌ نێو پێیه‌کانی به‌ فیکه‌لێدان گاڵته‌جاڕیان پێده‌کرد.

ئەنجامەکەی گۆڵێکی بێوەڵام بوو لەبەرژەوەندی بارسا و هاندەران پێیان وابوو بەپلانەکەیان کاریگەرییان لەسەر بلانکۆی مەدرید دروست کردووە، بەڵام له‌خوله‌کی (٨٥) بەر‌ له‌کۆتایی ڕائوڵ وەڵامێکی جەرگبڕیدانەوە و بەگۆڵێک ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

ناوبراو ئاهه‌نگێکی شێتانه‌ی گێڕا، ده‌ستی خسته‌‌سه‌ر ده‌می و داوای بێده‌نگ بوونی له‌یاریگا و ئاماده‌بوانی نو کامپ کرد، گۆڵه‌که‌ش هێنده‌ کتوپڕبوو تەواوی ئامادەبووانی بێدەنگ کرد.

درێسه‌که‌ی مێسی: له‌کلاسیکۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ٢٠١٧ لیۆ مێسی ئه‌نجامی ئەنجامی یەکسانبوونی بۆ (٣ – ٢) هەڵگێڕایەوە، ڕاسته‌وخۆ دوای گۆڵه‌که‌ ڕوویکرده‌ هانده‌رانی “مێره‌نگی” و درێسه‌که‌ی بۆ به‌رز کردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند (ته‌ماشای ژماره‌ و ناوه‌که‌م بکه‌ن، من لێره‌م).

ئەم جوڵەیەی “پوڵگا” هێندە بەئازاربوو، تەنانەت بۆ کلاسیکۆکانی دواتر کریستیانۆ و ئاسینسیۆ هەمان جوڵەیان لەدژی هاندەرانی بارسا دووبارە کردەوە.

بابەتی پێشتر

(فیفا) جەنگی دژی لێپرسراوی کاروباری یاریزانان ڕاگەیاندووە و (١٠٠) بریکار دووردەخاتەوە

بابەتی دواتر

دیتمار هۆپ.. لە چارەگرانی ئەڵمانیاوە بۆ فریادڕەسی جیهان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share