نێیمار، منداڵێکی گرینۆکە یان ئەستێرەیەکی ستەملێکراو؟

نێیمار لە نێوان ستەمی بەرگریکاران و نواندن لەناو یاریگاکاندایە

نێیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی یانەی پاریس سانت جێرمان بۆ ماوەی چوار هەفتە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتەوە و نەیتوانی لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرانبەر بەرشلۆنەی یانەی پێشووی بەشداری بکات.

ئەوانەی هەوادارانی ئەستێرەکەی بەرازیلن، دەڵێن: دووبارە نەیتوانی لەم یارییەشدا یاریبکات، چونکە بەردەوام لێدانی توندی ئاڕاستەدەکرێت.

ئەوانەش کە لە دژی یاریزانەکەن، دەڵێن: دیسانەوە ئازاری هەیە، تەنانەت ئەگەر یاریشی بکردایە بەهۆی نمایشی کەوتنەکانیەوە بە زەویدا ڕەنگە سەرنجی هاندەرانی ڕابکێشایە.

نێیمار منداڵێكی گرینۆکە یان ستەمی لێدەکرێت؟

ئەم بابەتە چەندین ساڵە مشتومڕی لەسەرە و گفتوگۆی میدیایی لەبارەیەوە دەکرێت، بەڵام ڕۆژنامەی بێلد سپۆرت بە شێوەیەکی دروست شیکاری بۆ دەکات.

ئەوەی هەمووان لێی دڵنیان هیچ یاریزانێک هێندەی نێیمار فاوڵی بۆ ئەژمارناکرێت، لە ساڵی 2013وە واتا لە سەردەمی سانتۆسەوە تاوەکو ئێستا هەر نیو کاتژمێرێک و فاوڵێکی بۆ ئەژماردەکرێت، لەم وەرزەدا هەر (22.7) خولەکێکدا هەڵەیەکی یاسایی بۆ ئەژمارکراوە.

“نێی” لە سەرەتاکانیەوە تاوەکو ئێستا 24 جار دووچاری پێکان هاتووە، بە درێسی پاریسەوە 103 یاریکردووە و لە 95 یاریدا بەهۆی پێکان و دوورخستنەوەوە بەشداری نەکردووە.

ئەدریانۆی بەرازیلی تەمەن 36 ساڵ، کە لەگەڵ بەرشلۆنە پاڵەوانی ئەوروپا بووە، بەرگری لە هاونیشتیمانەکەی دەکات و دەڵێت، ” یاریزانانی وەک نێیمار جموجۆڵی ناوازە و نائاسایی دەکەن، دەیانەوێت خەڵکی ئەو هونەرە ببینێت، لەبەرئەوە بەردەوام فاوڵیان لێدەگیرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی ڕکابەرانیان ناتوانن ڕایانبگرنەوە”.

لە بەرانبەردا پیلێی ئەفسانە بۆچوونی پێچەوانەیە و دەڵێت، ” لە سانتۆس کێشەی هەبوو، دەیەوێت لە ڕێگەی هیچەوە سەرنجی هەمووان ڕابکێشێت”.

دوای مۆندیالی 2018 گەوهەرە ڕەشەکە بەڕوونتر ڕایگەیاند، ” ناتوانێت گۆڵ تۆماربکات، بەڵام هەوڵی دروستکردنی هەڵەی یاسایی دەدات و دۆخەکە لە داوەران قورسدەکات”.

“نێی” بەدرێسی یانەکانی بەرشلۆنە و پاریسەوە لە 123 گۆڵی ڕەخساندووە و 188 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەوەش قورسە بە یاریزانێکی نمایشکار بکرێت.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بۆچونەی: نێیمار هەندێجار زیاد لە سنوری ئاسایی لێدانی ئاڕاستەدەکرێت، بەڵام لەڕێگەی خۆنواندنەوە زیادەڕەوی دەکات و دەبێتە خۆراکی میدیاکان.

بەپێچەوانەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆناوە، کە لێدانی زۆری ئاڕاستەدەکرا و بەشێوەیەک مامەڵەی دەکرد، میدیاکان وەک پاڵەوانی ئاسنین وەسفیاندەکرد و بەو شێوەیە سەرنجی هاندەران و داوەرانیشی ڕادەکێشا.

بابەتی پێشتر

ئێران.. بەهۆی هەرەسهێنانی بەفرەوە كەسێك گیانی لەدەستدا

بابەتی دواتر

بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا.. بتكۆین ژمارەیەكی پێوانەیی خۆی شكاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share