سۆکرات.. ئەو پزیشکەی جیهانی تۆپی پێ هەژاند و چەندینێکی دیکەی خاوەن بڕوانامەی باڵا

سەرقاڵی یاریزانانی بواری تۆپی پێ بە یەکەی مەشق و ڕاهێنان و پاشان یارییەکان، ڕێگەی ئەوەیان پێنادات لە بواری خوێندن و خوێندنەوەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند کەسایەتیەکی ناسراوی بوارەکە توانیویانە گرنگی بەهەردوو بوارەکە بدەن و سەرکەوتووش بن.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە چەند یاریزانێکی ناوداری بواری تۆپی پێ دەکەین، کە لە بواری خوێندندا نەک هەر سەرکەوتوو بوون، بەڵکو بڕوانامەی باڵایان بەدەستهێناوە.

سوکرات پزیشکەکەی بەرازیل

ڕۆژنامەی ” زە سەن”ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، کە سۆکراتیس ئەستێرەی ناوداری حەفتاکانی سەدەی ڕابردووی هەڵبژاردەی سیلیساوی بەرازیل تەنها یاریزانێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو لەژیانیدا گرنگی بە بواری خوێندن داوە و هەڵگڕی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی ساوپاولۆ.

پاولۆ ڕۆسی ئەفسانەی ئیتاڵیا لەچاوپێکەوتنێکدا دانی پێداناوە، کاتێک لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە گفتوگۆی کردووە هەستی کردووە لەگەڵ کەسایەتیەکی ڕۆشنبیری پلە باڵا قسە دەکات، ناچاربووە بە وردی ووشەکان لێبدات تا هاوشانی بکات.

ماتای ڕۆژنامەنوس

خوان ماتای ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتد جگە لەوەی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لەهەمان کاتدا هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانکۆی پۆلیتێکنیکای مەدرید، کۆلێجی ڕاگەیاندنی تەواو کردووە.

ئەستێرەیەکی یونایتد تەنها بەم بڕوانامەیەوە نەوەستاوە، بەڵکو چەند جارێک داوای پێشکەش کردووە بۆ خوێندن لە هەمان زانکۆ بۆ کۆلێجی ماتماتیک و حەزی بەوە بووە لە پاڵ ناوی ڕۆژنامەنوسدا ناسناوی مامۆستای بیرکاریش هەڵبگرێت.

کیلینی و ئارشاڤین، پڕۆفیسۆر و دیزاینەر

ئەندرێ ئارشەڤینی ڕوسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ئارسیناڵ بەهەمان شێوە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریوسە لە کۆلێجی تایبەت بە دیزاین لە زانکۆی سانت پترسبۆرگ، لەپاڵ یاریی تۆپی پێدا کاری دیزاینی ئەنجامداوە و خاوەنی براندێکی تایبەتە کە لەڕووسیا ناوبانگی دەرکردووە.

جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاری ئیتاڵی یانەی یوڤانتۆس لە زانکۆی تۆرینۆ کۆلێجی کارگێڕی کار خوێندوویەتی و یەکێکبووە لە هەرە زیرەکترین خوێندکارەکان، تەنانەت بەهۆی بەرزی نمرەکانیەوە هاوڕێیانی بە “ئیل پڕۆفیسۆر” بانگیان کردووە.

بێرهۆف پیاوی ئابوری و لوکاکۆی بەلجیکی

بڕوانامەی کارگێڕی و ئابوری لەنێو یاریزانانی بواری تۆپی پێدا ڕەنگیداوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی دێر شبیگل، ئۆلیڤەر بێرهۆفی ئەڵمانی ئەستێرەی پێشووی یانەی ئەی سی میلان یەکەمین یاریزان بووە ئەم جۆرە بڕوانامەیەی لەزانکۆی هاگن بەدەستهێناوە، شارەزایی لەبواری ئابورییدا هەیە و لەئێستادا یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا وەک یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی دووجار سودیان لێوەرگرتووە.

یەکەمیان لە ئەزمونەکەی لەبواری تۆپی پێدا و دووەمیشیان لە بوارە ئابوریی و کارگێڕییەکان.

یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی لەئێستادا لەبواری تۆپی پێدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە، ڕۆمێلۆ لوکاکۆی بەلجیکی ئەستێرەی یانەی ئینتەرمیلانە.

ئەم یاریزانە ژیانێکی هەژاریی لەتەمەنی منداڵیدا تێپەڕاندووە و لە پاڵ تۆپی پێدا سەرکەوتووی بواری خوێندن بووە، دایکو باوکی سوربوون لەسەر بەردەوامبوونی کوڕەکەیان لەسەر خوێندن و لەگەڵ بوونی بە یاریزانی پڕۆفیشناڵ و بەدەستهێنانی ملیۆنان یورۆ، بەڵام ڕێگەیان پێنەداوە لەبواری خوێندن بکشێتەوە، لەکۆتاییشدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبواری گەشتیاری و پەیوەندییە گشتیەکاندا بەدەستهێناوە، هەروەها شارەزای پێنج زوبانی بیانییە لەنمونەی زوبانەکانی: ئینگلیزی، فەرەنسی، هۆڵەندی، پورتوگالی، ئەڵمانی.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنەی سیتیێن... کوشتنی ڕکابەران بە پۆزیشن، یان گەڕانەوەی (DNA) بەرشلۆنە؟

بابەتی دواتر

چێڵسی کارگەی وەبەرهێنانی یاریزانانە و نرخی شەش گەنجیان لە هیچەوە گەیاندە (٢٠٠) ملیۆن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share