بەرشلۆنەی سیتیێن… کوشتنی ڕکابەران بە پۆزیشن، یان گەڕانەوەی (DNA) بەرشلۆنە؟

سەرەڕای سەرکەوتنی یانەی بەرشلۆنە بەرانبەر گرانادا لەچوارچێوەی کێبڕکێکانی خولی ئیسپانیا، شێوە یاریکردنی یانە کەتەلۆنیەکە دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت لەڕووەکانی کۆنتڕۆڵی یاریگا و ڕێژەی پۆزیشن و گواستنەوەکانەوە.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە بردنەوەی بارسا بەزەحمەت ڕوویداوە و گۆڵە تۆمارکراوەکەش بەهۆی جموجۆڵە ناوازەکانی لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندوو و خوێندنەوە تایبەتییەکانیەوە بووە، بەوپێیەی هونەرە ناوازەکەی لیۆ لە تێپەراندنی تۆپ و تۆماری گۆڵدا کاریگەری دروست کردووە.

لەبەرانبەر ئەم بۆچونانەدا هەندێک لەشارەزایان پێیان وایە، کیکی سیتیێن کارێکی گەورەی ئەنجامداوە و لەکۆی (١٠٠٥) گواستنەوە (٩٢١)ی دروست بووە کە ڕێژەی لەسەدا (٨٢.٦) ی پۆزیشنی خوڵقاندووە، یارییەکەش بەگشتی مۆرکی گەڕانەوەی (DNA) سەردەمی گواردیۆلا و شێوازی تیکی تاکای پێوە دیاربووە، دەکرێت لە داهاتووشدا ئەو ڕێژانە بەرزتر بکرێنەوە.

لەسەدا (٢٠)ی گواستنەوەکان بەرەوپێش بووە

سەرباری ئەوەی ئەنجامدانی هەزار گواستنەوە لە یارییەکدا کاری سوتفە نییە، بەڵام ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی پاڵپشت بە خوێندنەوەی پێوەری گەرمیی گواستنەوەی یاریزانان ئاشکرای کردووە، کە تەنها لەسەدا (٢٠)ی گواستنەوەکان ڕووە و یاریگای یانەی ڕکابەر واتا بەرەوپێش بووە کە کۆی گشتی (٢٠٠) گواستنەوە دەکات.

ڕێژەی لەسەدا (٤٨)ی گواستنەوەکان لەناوەندی یاریگا و لەسەدا (٣٥)ی لەنیوە یاریگای یانەی ڕکابەر و لەسەدا (١٧) لەنیوە یاریگای یانە کەتەلۆنیەکەدا ئەنجامدراون، ئەوەش دەریدەخات کە یاریزانان بەپێی پلان و تاکتیکی داڕێژراو خواستیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی یاریگا و پۆزیشن بووە، هەروەها کۆی گشتی لێدانەکان (١٨ لێدان) بووە و شەشیان بۆناو گۆڵ و شەشی دیکەیان بۆ دەرەوەی گۆڵ بوون.

سێیەم بەرزترین ڕێژەی پۆزیشن

سەرباری ئەوەی ڕووبەڕوبونەوەی گرانا یەکەمین یاریی کیکی سیتیێنی ڕاهێنەری نوێ بوو، بەڵام نکوڵی لەوە ناکرێت ڕێژەی پۆزیشینی لەڕادەبەدەر بووە، بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ڕێژەیەش بەهۆی سویچکردنی پلانی (٤ – ٣ – ٣) بۆ (٣ – ٥ – ٢) ڕوویداوە.

پۆزیشنی تۆمارکراو بەرانبەر گرانادا (لەسەدا ٨٢) لەوەرزی ٢٠٠٥/٢٠٠٦وە لە یانەی بەرشلۆنە ڕووینەداوە، لەو ساڵەدا ڕێژەی گلدانەوەی تۆپ لەنێو پێیە کەتەلۆنیەکان لەسەدا (٨٤) بووە بەرانبەر ڕاسینگ سانتاندێر و بەرانبەر لیڤانتی لەسەدا (٨٣.٩) بووە.

نێوەندی ڕێژەی (٥٨٩) گواستنەوە لە یارییەکدا

تائێستا یانەی بەرشلۆنە لەهەر یارییەکدا نێوەندی ڕێژەی (٥٩٨) گواستنەوەی ئەنجامداوە و باشترینە لەنێو سەرجەم یانەکانی خولی ئیسپانیا.

ئەستێرەکانی ئازولگرانا لەم ڕووەوە بەسەر یانەکانی ڕیاڵ مەدرید (٤٨٣) و سڤیلیە (٤٢٥) دا سەرکەوتوون، لە پۆزیشندا بەڕێژەی لەسەدا (٦٥)وە لەپێش یانەکانی دیکەوەن، بەڵام لە گواستنەوەی تۆپی درێژدا لەدوای یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و سڤیلیە و ڤیاڕیاڵ پلەی چوارەمیان هێناوە، ئەوەش واتای ئەوەیە یانەیەکەن متمانەیان بە گواستنەوەی کورت و ڕەخساندنی هەلەکانە بەشێوە ڕستەی تاکتیکی ماوە کورت لەنیوە یاریگای ڕکابەردا.

سەرەڕای ئەوەی بارسا خاوەنی بەهێزترین هێرشبەران و (٥٠) گۆڵی تۆمارکراوە، لەنێو یانەکانی لالیگا حەوتەم یانەن لە لێدانەکانیان بەئاڕاستەی گۆڵی ڕکابەران بەنێوەندی ڕێژەی (٩.٤) لەیەک یارییدا.

کۆی داتا و ئامارەکان دەریدەخەن، ئەوەی کیکی سیتیێن لەیەکەم ڕووبەڕویدا ئەنجامیداوە باشترکردنی ڕیکۆرد و ڕێژە نێوەندییەکان بووە لە باشەوە بۆ باشترین، ئەوەش زیاتر گوزارشت لەگەڕانەوەی ئازولگرانا دەکات بۆسەر ڕێچکەی تیکی تاکا، یاخود (DNA)ی سەردەمی گواردیۆلا.

ئایا ئەم ئاستە بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت؟

بابەتی پێشتر

یۆرگن کلۆپ... ئەو کەسە لادێیەی خەونی دەبینی ببێتە پزیشک و لە جیهانی ڕاهێناندا خۆی گرتەوە

بابەتی دواتر

سۆکرات.. ئەو پزیشکەی جیهانی تۆپی پێ هەژاند و چەندینێکی دیکەی خاوەن بڕوانامەی باڵا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share