ئەمشەو تیروپشکی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیالی قەتەر ئەنجامدەدرێت

ئەمشەو، دووشەممە تیروپشکی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022 ئەنجامدەدرێت

ئەمشەو، دووشەممە لە شاری زیوریخی سویسرا تیروپشکی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر ئەنجامدەدرێت.

نوێنەرەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپا و هەڵبژاردە بەشدارەکان ئامادەی مەراسیمەکە دەبن، تیروپشکەکەش کاتژمێر هەشت بە کاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

تیروپشک چۆن دەکرێت؟

55 هەڵبژاردە بەشداری پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2022 لە قەتەر.

کیشوەری ئەوروپا لە کۆی 55 هەڵبژاردە تەنها (13) کورسی مۆندیالی بۆ تەرخانکراوە، هەڵبژاردەکان (55 هەڵبژاردە) دابەشدەکرێن بەسەر شەش ئاستی جیاوازدا و بۆ هەر ئاستێک لە یەکەم تاوەکو پێنجەم (10) هەڵبژاردە بوونیان دەبێت، ئاستی کۆتایی و شەشەم پێنج هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت.

ئاستی یەکەم لەو هەڵبژاردانە پێکهاتوون کە لە ڕیزبەندییەکانی فیفا باشترینن، ئاستی دووەمیش ئەو هەڵبژاردانەن کە دەکەونە خوار پلەی 10 تاوەکو 20 و ئاستەکانی دیکەش بەهەمان شێوە..

دوای ئەنجامدانی تیروپشک، 10 کۆمەڵە جیادەکرێنەوە، پێنج کۆمەڵەی یەکەم پێنج هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت و پێنج کۆمەڵەکەی دیکەش شەش هەڵبژاردە، هەر هەڵبژاردەیەکی بەشداریش یاریی چوون و گەڕانەوە بەرانبەر ڕکابەران ئەنجامدەدەن.

ئاستەکان

ئاستی یەکەم: بەلجیکا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، کرواتیا، دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا

ئاستی دووەم: سویسرا، وێڵز، پۆڵەندا، سوید، نەمسا، ئۆکرانیا، سڕبیا، تورکیا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا

ئاستی سێیەم: ڕووسیا، هەنگاریا، کۆماری ئێرلەندا، چیک، نەرویج، ئێرلەندای باکوور، ئایسلەندا، سکۆتلەندا، یۆنان، فینلەندا

ئاستی چوارەم: بۆسنە، سلۆڤینیا، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوور، ئەلبانیا، بولگاریا، ئیسرائیل، بیلاڕووسیا، جۆرجیا، لوکسمبۆرگ

ئاستی پێنجەم: ئەرمینیا، قوبرس، فارۆ ئایسلاند، ئازەربایجان، ئیستۆنیا، کۆسۆڤۆ، کازاخستان، لیتوانیا، لاتیڤیا، ئەندۆرا

ئاستی شەشەم: ماڵتە، مۆڵدۆڤا، لیشتنشتاین، جیبڕاڵتار، سان مارینۆ

کاتی ڕوبەڕوبوونەوەکان

هەر هەڵبژاردەیەک لە کۆمەڵەکەیدا یاری چوون و گەڕانەوە بەرانبەر ڕکابەرەکانی دەکات و یارییەکان لە ئازار و تشرینی دووەمی 2021 ئەنجامدەدرێن.

براوەی هەریەکێک لە 10 کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ گەیشتن بۆ مۆندیالی 2022 مسۆگەردەکات، ئەو هەڵبژاردانەش کە پلەی دووەم بەدەستدەهێنن قۆناغی پاڵاوتنی دووەم بە ڕوبەڕوبوونەوەی یەکدی ئەنجامدەدەن.

تەواوی ئەو 10 یانەیەی پلەی دووەمی گروپەکانیان بەدەستدەهێنن لەگەڵ براوەی کۆمەڵەکانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (2020/2021) تێهەڵکێش دەکرێن و ڕوبەڕوبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەن، بەو مەرجەی هیچ هەڵبژاردەیەک لە سەرکەوتووانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا پێشتر سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال بەدەستنەهێنابێت.

12 هەڵبژاردەی بەشدار لە یارییە یەکلاکەرەوەکان (10 هەڵبژاردەی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەی پاڵاوتنەکان و دوو هەڵبژاردەی نەیشن لیگ) بە سێ ئاڕاستەی جیاواز دابەشدەکرێن، لە نێوانیاندا یاری ئەنجامدەدرێت لە مانگی ئازاری 2022 و سێ هەڵبژاردەیان هاوشانی 10 یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکان گەیشتن بە مۆندیال یەکلاییدەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

وێنە.. دوو خۆپیشاندەر لە قەزای سەیدسادق بە فیشەک برینداربوون

بابەتی دواتر

داهاتووی ئوزێل بەرەو کوێ؟ گرەوەکەی لە ئارسیناڵ بردووەتەوە و زەبەلاحەکانی دیکە چاوەڕێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share