ڕۆناڵدۆ لە مانچستەریونایتدەوە بەرەو کوێ؟

كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی بە ئیدارەی مانچستەر یونایتدی وتووە دەمەوێت بڕۆم.

یانەی مانچستەر یونایتد وەرزی نوێ لە یۆرۆپا لیگ یاریی دەكات و نەیتوانی سەركەوتن بۆ چامپیۆنز لیگ بەدەست بهێنێت.

ئەوەش وای لە ڕۆناڵدۆ كردووە كە بە ئیدارەی مانچستەر یونایتد بڵێت دەڕۆم و دەیەوێت لە یانەیەك یاریی بكات كە ڕكابەری لەسەر بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ بكات.

بۆچی ڕۆناڵدۆ دەڕوات؟

ڕۆناڵدۆ دەزانێت گەر لە چامپیۆنز لیگ دووربكەوێتەوە، هەلی بەدەستهێنانی ناسناوە تاكییەكان لەدەست دەدات.

ڕۆناڵدۆ دەزانێت كە لە یۆرۆپا لیگ ناتوانێت ڕكابەری خەڵاتەكانی باڵۆندۆر و زە بێست بكات.

هەروەها لە پێكهاتەی نمونەیی چامپیۆنز لیگ و باشترین یاریزانەكانی وەرز بێ بەش دەبێت.

بژاردەكان كوێن؟

خۆرخی میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی ڕۆناڵدۆ لە ئێستادا خەریكی دۆزینەوەی یانەیەكی نوێیە بۆ ئەستێرە پورتوگالییەكە.

میندێز دەیەوێت یانەیەك بدۆزێتەوە كە ڕۆناڵدۆ بتوانێت لانی كەم دوو وەرز یاریی بۆ بكات.

ڕۆناڵدۆ خۆشی دەزانێت كە دوو بۆ سێ وەرزی ماوە یاریی بكات بۆیە دەیەوێت یانەیەك بدۆزێتەوە كە تەنها پشت بەم نەبەستن.

بایرن میونشنی ئەڵمانی

بەهێزترین و باشترین بژاردەیە بۆ ڕۆناڵدۆ تا بتوانێت ڕكابەری ناسناوی چامپیۆنز لیگ بكات.

كێشەی بایرن ئەوەیە كە گرنگی بە یاریزانی بەتەمەن نادەن و موچەی زۆریش دابین ناكەن.

سەرباری ئەوانەش، بایرن بژاردەیەكی بەهێز دەبێت بۆ ڕۆناڵدۆ بەتایبەت ئەگەر لیڤاندۆڤسكی لە ڕیزەكانی یانە ئەڵمانییەكەدا بڕوات.

هەفتەی ڕابردوو خۆرخی میندێز تواناكانی ڕۆناڵدۆی پێشكەشی بایرن كرد، بەڵام ئیدارەی یانەكە ڕەتیكردبووەوە.

چێڵسی ئینگلیزی

ئەمیش یەكێكە لە بژاردە بەهێزەكان بەو پێیەی چێڵسی یانەیەكی بەهێزی ئینگلتەرا و ئەوروپایە و یەكێكیشە لەو یانانەی ڕكابەری بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنز لیگ دەكات.

چێڵسی دەستبەرداری لۆكاكۆی هێرشبەر بووە و پێویستی بە یاریزانێكە گۆڵی بۆ بكات كە لەوەشدا لە ڕۆناڵدۆ باشتری دەستناكەوێت.

ناپۆلی ئیتاڵی

ناپۆلیش یەكێكی ترە لەو یانانەی كە خۆرخی میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی توانای ڕۆناڵدۆی پێشكەش كردوون.

بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە موچەكەی ڕۆناڵدۆ هێندە زۆرە بە ئیدارەی ناپۆلی و یانەی ناپۆلی دابین ناكرێت.

سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی

سپۆرتینگ ئەو یانەیەیە كە ڕۆناڵدۆ سەرەتای یاریكردنی لێوە دەستپێكرد، ئەوانیش وەرزی نوێ لە چامپیۆنز لیگ بەشداریدەكەن.

هەرچەندە لە ڕووی خۆشەویستییەوە یەكێكە لە بژاردەكان، بەڵام لە ئێستا سپۆرتینگ یانەیەكی لاوازەو توانای ڕكابەری ناسناوی چامپیۆنزلیگی نییە.

لە ئێستادا ڕۆناڵدۆ هەوڵ دەدات پێش ئەوەی ئامادەكارییەكانی وەرزی نوێ دەستپێبكەنەوە، یانەیەكی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

بابەتی پێشتر

نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی شەش دیاریکرا

بابەتی دواتر

وێنە.. بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بێستانسوور 500 دار سوتان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share