پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە ‘329 ناسنامە و مۆری ساختە’وە دەستگیرکرد

پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكرد، کەسێکیان بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکردووە، كە لە ماڵەكەیدا “329 مادە و جۆری جیاوازی ساختەکاری دەستیان بەسەردا گیراون”.

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیس هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “تۆمەتبارێكیان دەستگیرکردووە کە 329 مادەی جیاوازی ساختەکراو لە ماڵەکەیدا هەبوون، لەگەڵ چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە و چەند ئامێرێکی بێتەل و ناسنامەی ساختە بە پلەی سەربازیی (ڕائید) لە دژەتیرۆری عێراق”.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسدا هاتووە ئەو تۆمەتبارە چەندین جۆر ناسنامەی پێبووە کە پێکهاتبوون لە، “مۆر و بەڵگەنامەی ساختەکراو تایبەت بە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کونسوڵخانەکان، مۆری تەواوی خاڵەسنورییەکان، ناسنامەی سەربازی و کڵێشەی نوسراوی دادگا”.

“هەروەها چەندین نوسراوی ساختەی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و نوسراوی ساختەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و مۆری فڕۆکەخانەکان دەرچوون و هاتن، ناسنامەی چەندین وەزارەت، کڵێشەی بەتاڵی ناسنامە و کارتی زانیاری و چەندین بەڵگەنامە و ناسنامەی دیکەی ساختەکراوی پێگیراوە”، وەك پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكردووە.

ئەوەش ڕاگەیەنراوە، تۆمەتبارەكە “پەڕاوی لێكۆڵینەوە و فەرمانی دەستگیركردن و مۆری دادگا و دادوەر و پولی ناوخۆ و دەرەوە و بڕوانامەی ساختە و نوسراوی پرۆتۆكۆلی ساختە بۆ بازگەكان پێبووە كە لەم ڕێیەوە ڤیزای وڵاتانی بۆ خۆی و كەسانی نزیكی وەرگرتووە”.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابوری بەخشرا بە دوو ئابوریناسی ئەمریكی

بابەتی دواتر

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و بەرهەم ساڵح

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share