ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تێدەپەڕێت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 48 ساڵ لەمەوبەر لە 1ی حوزەیرانی 1975 وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات دامەزرا، یەکێتی لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا هەزاران شەهیدی لە پێناو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان داوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پێویستییەکی نەتەوەیی و خەباتگێڕی لەناوجەرگەی چەوساندنەوە و ستەمی رژێمە ستەمکارەکانی پێشوودا دامەزرا، تا ئێستا دوای 48 ساڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوازی جیاواز بەردەوامە لە بەرگری و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد.

مام جەلال سکرتێری یەکەم و دامەزرێنەری حزبەکە بەدەر لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش و حزبەکەی، وەک سیمبولێک بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان سەیرکراوە و بەوجۆرەش دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ سەرجەم یەکێتییەکان یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیان دەکەنەوە، بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەزاری مام جەلال دەکەن وەک سەرکردە و سیمبولی هەمیشەیی حزبەکەیان.

مام جەلال لەبارەی یەکێتییەوە دەڵێت، “یەکێتیی بووەتە رۆڵێکی گەورە بۆ عێراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ئەوەش بۆ هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامەکانی و خوێنی شەهیدەکانی یەکێتی دەگەڕێتەوە”.

سەرۆک مام جەلال لە وەڵامی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ؟ دەڵێت، “چونکە کۆمەڵی کوردستان چینی جیا جیا و بیروباوەڕی سیاسیی جیا جیا و فیکری جیا جیای تێدابوو، تەنها رێکخستنێکی وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیتوانی ئەمانە کۆبکاتەوە لەناو خۆیدا و یەکیانبخات و سازیاندا بۆ هەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ”.

دوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، ئێستا لە یادی 48 ساڵەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کوڕە گەورەی مام جەلال بە رێگای دیموکراسییانە و دەنگی زۆرینەی حزبەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و درێژە بە خەباتی سەرۆک مام جەلال و بەرنامە و سیاسەتی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئیشبیلیە لە ڕۆمای بردەوە و حەوتەم یوروپا لیگی بەدەستهێنا

بابەتی دواتر

پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share