زۆربەمان لە بازاڕ و ماركێتەكاندا، ڕیكلام و دروشمی “داشكاندن و هەڕاج” دەبینین، بەڵام ڕەنگە تێبینی دروست بێت لەسەر ئەوەی تا چەند دروشمەكان ڕاستین، چاودێریی بازرگانیش ئەركی چاودێریكردنی ئەو دروشمانەی لەسەرە.
ئابوریناسێك بوونی داشكاندن بە گرنگ دەزانێت، بەڵام تێبینی لەسەر ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی كوردستان هەیە.
داشكاندنی نرخ لە هەرێمی كوردستان
بیلال سەعید، سەرۆكی ئینستیوتی ئابوریی بە ژمارە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئۆفەری داشكاندن لەسەر ئاستی جیهان بابەتێكی بەربڵاوە و بۆ بابەت و پرسی جیاواز ئەنجام دەدرێت، بۆ نمونە بۆ ڕۆژێكی دیاریكرا یان بۆ كاتی هەڵوەشانەوەی بازار یان كۆگایەك یان بۆنەیەكی نەتەوەیی یان ئاینی یان گۆڕینی ساڵ، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی دەرفەتێكی زۆرباشە وەك پرۆسە و جێگای دڵخۆشییە”.
بیلال سەعید ئاماژەی بەوەشكردووە، “سەبارەت بەوەی كوردستان زۆر نائاساییە، چونكە بابەتەكە پەیوەندی بە پرسێكی دیاریكراو نییە، زۆرجار وەك فێڵكردن ئەم دروشمە بەكاردەهێندرێت، واتە لە ئەرزی واقیعدا ناڕواتە چوارچێوەی داشكاندن و ئۆفەری كەمكردنەوە”.
ئەو ئابوریناسە هۆكاری وتەكانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، “كەمی هۆشیاریی كڕین لای هاوڵاتییان بەشێوەیەكی گشتی، هەروەها نەبوونی چاودیریی دەزگاكانی حكومەت لەسەر ئەم پرسە و نەبوونی كۆگا و ناوەندی فرۆشتنی سەرەكی لە وڵات بەهۆی ئەوەی كوردستان وڵاتێكی هاوردەكارە نەك هەناردەكار و خاوەن بەرهەمی خۆی”.
بۆ ئەوەی ئەم پرسە رێكبخرێتەوە، بیلال سەعید بە گرنگی دەزانێت، “ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتییان لە بازاڕ بەرزبكرێتەوە و كار بۆ ئەوە بكرێت چاودیریی حكومەت لەسەر بازار زیاتر بكرێت”.
لەماوەی یەك هەفتەدا هەشت شوێن لەسەر داشكاندن سزا دراون
سۆران غەفور، بەڕێوبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەبێ ڕەزامەندیی چاودێریی بازرگانی، هیچ دووكان و ماركێت و بازاڕێك بۆی نییە داشكاندن ڕابگەیەنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەر شوێنێك بیەوێت داشكاندن بكات، پێمان دەڵێت، دواتر لیژنەیەكمان دەچێتە شوێنەكە لێكۆڵینەوە لەو داشكاندنە دەكات، دەبێت لە سیستمی كاشێرەكەش هەبێت و داشكاندنێكی ڕاستەقینە بێت”.
ئاشكراشیكرد، “لەماوەی یەك هەفتەدا هەشت شوێن لەسەر داشكاندن سزا دراون، كە ڕیكلامی ناڕاستیان كردووە بۆ ئەو مەبەستە، شوێنمان داخستووە لەسەر ئەوەی ڕایگەیاندووە، بە زەرەر دەیفرۆشین”.
بەڕێوبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ڕاشیگەیاند، دروشمەكانی هەرزان بازاڕ كێشەی نییە و ڕێگەی پێدراوە.
هەر بازاڕ و ماركێتێك بیەوێت خەڵات ڕابگەیەنێت بۆ كڕیارانی، دەبێت ماوەكەی دیاری بكات و بزاندرێت لە چ بەروارێك تیروپشك دەكرێت بۆ خەڵاتەكە، وەك سۆران غەفور ئاماژەی پێكرد.
خاونی یەكێك لە ماركێتەكانی شاری سلێمانی كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕاستیدا ئەوانەی دەنوسن داشكاندن و هەرزانە بازاڕ ڕاست ناكەن و زۆربەیان یاری بە نرخ دەكەن و كڕیارەكان دەخەڵەتێنن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ سەلماندنی قسەكانم، با هاوڵاتییان بەروردی نرخی ئەو ماركێتانە بكەن لەگەڵ نرخەكانی من كە داشكاندنم نەنوسیوە و هەرزان بازاڕیش نیم وەك دروشم”.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد عەلی، خاوەنی یەكێك لە ماركێتەكانی سلێمانی كە داشكاندنی هەفتانە دەكات، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە هەفتانە ڕۆژێكمان دیاری كردووە لەو ڕۆژەدا داشكاندن دەكەین و تەنانەت هەندێك كاڵاش بە مایەكەی خۆی دەفرۆشین، ئەوەش وەك هاوكارییەكی هاوڵاتییان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵام هەندێك شوێن هەیە دەنوسێت داشكاندن و ڕاستیش ناكات”.