ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەكەی تایبەت بە كۆرۆنا لە بەغداد كاردانەوەی لێكەوتەوە، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، جەخت لەسەر لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم دەكەنەوە.
شەوی ڕابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغداد كەوتەوە، كە تایبەتە بە توشبووانی كۆرۆنا، بەهۆیەوە ژمارەیەك نەخۆش و یاوەرەكانیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی تریش برینداربوون.
دوابەدوای ڕووداوەكە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیان نیشاندا و لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پشتیوانیی بڕیارەكانی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پێویستیی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا دەربارەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا و لێپێچینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی بۆ هاوکاریی بریندارانی ڕووداوەکە دەربڕی و وتی، “ههرێمى كوردستان به ههموو شێوهيهك ئامادهى ههموو هاوكارييهكى پێويسته و نهخۆشخانهكانى به تهواوى ئامادهن بۆ پێشوازيكردن له بريندارانى ڕووداوهكه و پێشكهشكردنى ههموو چاودێرييهكى پزيشكيى پێويست”.
سەرۆکی هەرێم داواشیكرد لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمەکان بكرێت و “له ههموو شوێنێك ئهوپهڕى ڕێكارهكانى سهلامهتى بگيرێنهبهر، بۆ ئهوهى جارێكى ديكه ڕووداوى وا دڵتهزێن له هيچ شوێنێكى وڵات دووباره نەبێتەوە”.
لای خۆیەوە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە كرد كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەربارەی ڕووداوەكە ئەنجامبدات، تا ڕۆڵی چاودێریی بگێڕێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان، بەمەبەستی زانینی هۆكاری ئاگرەكە و لێپێچینەوە لە كەس و لایەنە كەمتەرخەمەكان و ڕادەستكردنیان بە دادگا.
هەروەك مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئەمنی لە بارەگای فەرماندەیی پڕۆسەكانی بەغداد ئەنجامدا.
لە وتەیەكیشدا ڕوداوەكەی بە “لێدان لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق” ناوبرد و وتی، “ڕوداوێكی لەو جۆرە بەڵگەیە لەسەر بوونی كەمتەرخەمی، بۆیە بڕیارمدا بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا”.
سەرۆكوەزیران ڕاشیگەیاندووە، “كەمتەرخەمی لەم كاروبارانەدا تەنها هەڵەیەك نییە، بەڵكو تاوانێكە و پێویستە سەرجەم كەمتەرخەمەكان بەرپرسیارێتییەكەی لەئەستۆبگرن”.