بەغداد چۆن توانی بەستەڵەكی نێوان ڕیاز و تاران بتوێنێتەوە؟

محەمەد بن سەلمان و مستەفا كازمی لە ڕیاز

دوای ئەو دابڕانەی نزیكەی چوار ساڵی خایاند، ڕیاز و تاران وێستگەیەكی نوێیان بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان بەنێوەندگیری عێراق دەستپێكردووە، نزیكبوونەوەی دوو ڕكابەرە تەقلیدییەكە گۆڕانكاری بەسەر كارتەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهێنێت، پرسیارەكە ئەوەیە كێ لە كردنەوە ئەو گرێیەدا هۆكار بووە؟

هەردوو سەردانەكەی ئەمدواییەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و ئیمارات ڕۆڵی سەرەكی گێراوە لە پەلكێشكردنی ئێرانی و سعودییەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، وەك ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لەسەر زاری گەورە بەرپرسێكی عێراقی ئاماژەی پێداوە.

ئاژانسەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، ئەنجامی گەڕی یەكەمی گفتوگۆ ڕاستەوخۆكانی نێوان سعودیە و ئێران كە لەم مانگەدا لە عێراق بەڕێوەچوو ئاماژەیە بۆ كەمبوونەوەی بارگرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات، سەرەڕای پێشبینی چاودێران بەوەی جێبەجێكردنی بە كردەیی پێویستی بە كاتی زیاترە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەرپرسێكی عێراقی و دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاوایی لە بەغداد دوپاتیانكردووەتەوە كە گفتوگۆكان لە كاتێكی پێشتری ئەم مانگەدا لە عێراق بەڕێوەچووە.

بەرپرسە عێراقییەكە وتویەتی كە پرسی جەنگ لە یەمەن خاڵێكی دیاری گەڕی یەكەمی گفتوگۆكان بووە.

بەڕوونی ئەو پێشكەوتنە نەزانراوە كە لە گفتوگۆكاندا هاتووەتەدی، بەڵام دیپلۆماتكارە ڕۆژئاواییەكە ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبوونەوەی دیكە لە ئایندەدا دەكرێن، بەپێی ئەسۆشیەتد پرێس و وتویەتی، “ئەوەی لێی تێگەیشتووم، گفتوگۆكان بەردەوام دەبن، بەغدادیش ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت”.

ئێران پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ سعودیەدا دەكات

بەپێی ئاژانسەكە گۆڕانكارییەكان لە شێوازی مامەڵەی ئێران لەگەڵ عێراقدا، بەهەمان شێوە ڕۆڵی هەبووە لە نێوەندگیرییەكەی بەغداددا.

لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسداران كۆنتڕۆڵێكی تەواوی هەبوو بەسەر دۆسیەی عێراقدا لەڕێی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، كە ڕاپۆرتەكانی ڕاستەوخۆ پێشكەش بە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دەكرد.

بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسە عێراقییەكە كوژرانی سولەیمانی لە بۆردومانەكەی ئەمریكا لە بەغداد لە ساڵی 2020دا، هێز و ڕۆڵی وەزارەتی ئیتڵاعاتی لە عێراق زیادكردووە.

وەزارەتی ئیتڵاعات سەر بە حكومەتی تارانە و ڕاپۆرتەكانی پێشكەش بە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆمار دەكات كە لەسەر باڵی میانڕەوی ئێران ئەژماردەكرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراقی، ئەو گۆڕانكارییەی پاش كوژرانی سولەیمانی هاتووەتە ئاراوە لەگەڵ زیادبوونی ڕۆڵی ئیتڵاعات لە عێراق هۆكاری سەرەكی بووە لە پەلكێشانی ئێرانییەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە بەغداد.

بەرپرسێكی عێراقی وەك ئاماژەیەك بۆ بەرپرسانی ئیتڵاعات دوپاتیكردووەتەوە كە “تێڕوانینی نوێ و پەیامی نوێیان هەیە و لەڕێیەوە عێراقێكی بەهێزیان دەوێت”.

ئەوەشی وت، “سوپای پاسداران تێڕوانینێكی جیاوازیان هەیە، پێچەوانەكەیان دەوێت، عێراقێكی لاواز سودی زیاتری بۆ ئەوان هەیە”.

فایننشاڵ تایمز: سعودیە و ئێران لە بەغداد گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە

یەكشەممەی ڕابردوو ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز بڵاویكردەوە، بەرپرسانی سعودی و ئێرانی لە عێراق گفتوگۆیان كردووە لە هەوڵێكدا بۆ هێوركردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان هەردوولا، هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی واشنتن بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لەگەڵ تاران و، هەوڵی كۆتایی هێنان بە جەنگ لە یەمەن.

لەسەر زاری سەرچاوەكانیشەوە گفتوگۆكانی بە “ئەرێنی” ناوبرد و دوپاتیكردەوە، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەنجامدانی گەڕێكی نوێ لە هەفتەی داهاتوودا.

س: ئەسۆشیەتد پرێس + ئەلحوڕە + فایننشاڵ تایمز

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوو پرۆژەیاسا پەسەنددەكات

بابەتی دواتر

كازمی سەپاندنی باجی بەسەر موچەی فەرمانبەراندا ڕەتكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share