پەرلەمانتاران دەربارەی خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ چی دەڵێن؟

ئەندامێكی لیژنەی دارایی رەخنە لە خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ دەگرێت و دەڵێت، دەبێتە هۆی راوەستاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، پەرلەمانتارێكی كوردیش بە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم ناویدەبات.

مستەفا كرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەگەری هەیە زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و هەندێكی وەزارەتەكان بووەستن بەهۆی كەمكردنەوەی تەرخانكراو بۆ پارێزگاكان لە خشتەكانی بودجەی دارایی ساڵی 2024.

روونیشیكردەوە، “لە هەندێكیاندا كەمكردنەوەكە گەیشتووەتە 80% بەراورد بەو بڕەی لە بودجەی ساڵی رابردوودا تەرخانكراوە”.

یەكشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا دەنگیدا لەسەر خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی.

كرعاوی ئەوەشی وت، بۆ ئەو مەبەستە لەم هەفتەیەدا میوانداری هەریەك لە وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان دەكەن.

باسی لەوەشكرد، لیستێكی داواكاریی روونكردنەوە ئامادەكراوە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكرێت دەربارەی هۆكاری زیادبوونی خەرجی و، چۆنیەتی بەدەستهێنانی داهاتی نەوتی و نانەوتی و، زیادبوونی كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵدا.

بەپێی خشتەكە داهاتی نانەوتی لەمساڵدا بە 27 ترلیۆن دینار دیاریكراوە، هەروەك بودجەی بەكاربردن بۆ 156 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دوا وادەی بۆ پەسەندكردنی خشتەكانی بودجە دیاریكرد و وتی، بەر لە كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان دەبێت لە 9ی حوزەیرانی داهاتوو، بۆیە لیژنەكەیان بەرنامەیەكی چڕوپڕی دەستپێكردووە بۆ تاوتوێكردنی خشتەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكانی.

دوێنێش بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، خشتەكانی بودجە بە شێوەیەك گۆڕانكاری تێداكراوە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمدایە، بە جۆرێك پشكی هەرێم 20 ترلیۆن دینار دانراوە و 9 ترلیۆن و 556 ملیار بۆ مووچەخۆران و دوو ترلیۆن و 20 ملیار دینار بۆ مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی کە 11 ترلیۆن دینار دەكات و واتا مانگانە 964 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخانكراوە.

وتیشی، ”ئەوەی گرنگە بەو شێوەیەی خشتەكە ئامادەكراوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەندبكرێت، بۆیە پێویستە كورد یەكڕیزبێت”.

هاوكات نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، بەهەمان شێوەی پارساڵ بڕی هەناردەی نەوتی خاو بە سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیلی رۆژانە و بە نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەملاندنی بۆ کراوە و بەمانەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی 1300 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار.

– بەپێی خشتەكان داهات بە 144.336 ترلیۆن دیاریكراوە، خەرجیی پلاندانراو بە 210.936 ترلیۆن دیاریكراوە.

– كورتهێنان دەگاتە 63.599 ترلیۆن دینار.

– خەرجیی حاكیمە 10.042 ترلیۆن دینار.

– بودجەی وەبەرهێنان 54.298 ترلیۆن دینارە.

بابەتی پێشتر

ئەو وڵاتەی دەیەوێت تا ساڵی 2030 ببێتە گەشتیاریی و ئاسانكاریی بۆ پێدانی ڤیزا دەكات

بابەتی دواتر

دەربارەی ئاو چەند داواكارییەك ئاراستەی هاوڵاتییان دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت زیاتر دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی، هۆكارە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار بە ئێران و ئۆكرانیا ڕۆلیان هەیە.…
زیاتر ببینە

نرخی دراوە بیانییەکان

نرخی دراوەكان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوکرانەوە، نرخی دۆلار بەراورد بە نرخەکەی پێشووی بەرزبووەتەوە. لە…
Total
0
Share