قامیشلۆ.. شەڕ لەنێوان ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزێكی سەر بە حكومەتی سوریا ڕویداوە

ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لە قامیشلۆ لەنێوان هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و بەرگریی نیشتمانیی حكومەتی سوریا بەردەوامە، كوژراو و بریندار هەن، ڕوسیاش دەیەوێت دۆخەكە هێور بكاتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە، شەڕ و پێكدادان لە گەڕەكی “طي” لە قامیشۆ لەنێوان هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و بەرگریی نیشتمانی سەربە حكومەتی سوریا، دەستیپێكردووە.

شەڕەكە تائێستا بەردەوامیی هەیە و باس لەوە دەكرێت، “پێنج ئەندامی هێزی بەرگریی نیشتمانی كوژراون و هەشتی دیكەش برینداربوون، هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاواش بەشێكی ئەو گەڕەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە، كە شەڕەكەی تیادا ڕویداوە”.

سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئاسایشی ڕۆژئاوا هێزێكی زۆری بردووەتە شوێنی شەڕەكە.

سەبارەت بە هۆكاری شەڕەكەش، ئاسایشی ڕۆژئاوا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “چەند گروپێكی سەر بە بەرگریی نیشتمانی، بەنیازن ئاسایش و سەقامگیریی قامیشلۆ بشێوێنن، لەو شەڕەشدا ئەندامێكی هێزەكانمان شەهید بووە”.

لەلایەكی دیكەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، “هێزەكانی ڕوسیا چوونەتە شوێنی شەڕەكە و دەیانەوێت دۆخەكە هێور بكەنەوە”.

هەروەها ئاژانسی نۆرس پرێس ئاشكرایكردووە، هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا یارمەتیی دەیان خێزانیان داوە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی لەو گەڕەكەی شەڕەكەی تێدا دروستبووە، بچنە دەرەوە.

بابەتی پێشتر

خانەقین.. شەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هێرشێکی داعشدا بوونە قوربانی   

بابەتی دواتر

کارکردن بە یاسای بودجەی 2021 بۆ سێ ساڵی داهاتوو یاساییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share