کارکردن بە یاسای بودجەی 2021 بۆ سێ ساڵی داهاتوو یاساییە؟

میدیای نیمچە فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیاری کردووە یاسای بودجەی 2021ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو کاریپێبکرێت، بەڵام ئەندامێکی لیژنەکە ڕەتیدەکاتەوە.

محەممەد شەبەکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی ڕاگەیاندووە، “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا و راگەیاندنی ئەنجامەکان و پێکهێنانی حکومەت دەبێتە هۆی دواکەوتنی بودجەی ساڵی داهاتو و خەرجکردنی بودجەی پارێزگاکان و وەزارەتەکان”.

ئەو پەرلەمانتارە باسیلەوەکردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە سێ پێشنیار کراوە، یەکێک لە پیشنیارەکان پشتبەستنە بە زانیاری و داهاتەکانی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022، هەروەها پێشنیارێکی دیکە کارپێکردنی بودجەی 2021ە بۆ سێ ساڵی ئایندە، ئەمەش ڕای بەهێزی لیژنەی داراییە.

لای خۆیەوە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو پیشنیارە لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەکراوە، ئەگەر پیشنیارێکی لەوجۆرەش هەبێت نایاساییە”.

شیروان میرزا ڕایگەیاند، “یاسای بودجە یاسایەکی ساڵانەیە و دەبێت هەرساڵێک یاسای بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەگەر نا، دەکرێت لە ساڵێکدا کە بودجەی خۆی نەبێت، یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی پێشتر پەیڕەو بکرێت”.

وتیشی، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێویستە هەموو ساڵێک بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت، کە لە مانگی کانونی دووەم دەستپێدەکات و مانگی کانونی یەکەم کۆتایی دێت.

یاسای بودجەی عێراق ساڵانە لەلایەن لیژنەی ستراتیژی داراییەوە ئامادەدەکرێت و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بەشداری لە نوسینەوەیدا دەکات.

بابەتی پێشتر

قامیشلۆ.. شەڕ لەنێوان ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزێكی سەر بە حكومەتی سوریا ڕویداوە

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێم جێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share