بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ئامادەیە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئارامی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی و ئارامی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا.

ئەمڕۆ 18ی نیسان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەیڤد براونشتاین، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی پەیوەندی لایەنە کوردییەکان لە هەرێم و ڕۆژئاوا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

بافڵ تاڵەبانی بۆچوون و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێم و عێراق خستەڕوو و جەختی لە لێکنزیکبوونەوە و هەماهەنگی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد و  پەسەندکردنی بودجەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا بەوردی هەڵسەنگێندرا و  ھاوسەرۆکی یەکێتی ئاشکرایکرد، یەکێتی لەگەڵ گفتوگۆی ھەمەلایەنەدایە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و بۆ ئەمەش گفتوگۆ و دیالۆگی بە تاکە رێگای چارەسەرکردنی کێشەکان لە قەڵەمدا. ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی نیشاندا بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی و ئارامی بۆ کوردانی رۆژئاوا و سەرجەم خەڵکی سووریا.

هەماهەنگی و هاریکاری زیاتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا لەسەر پاڵپشتی و هاوکاری یەکتر کۆکبوون بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە ئەمنییەکان و ڕووبەرووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش.

 

بابەتی پێشتر

ئەمریکا پشتگیری لە یەکگرتوویی کورد دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان

بابەتی دواتر

ئێران بنکە ئەتۆمییەکانی توندتر دەکاتەوە لە پاراستنی هێرشەکانی ئیسرائیل

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share