سریلانكا بڕیاریدا لەسەر قەدەغەكردنی 11 ڕێكخراوی ئیسلامی كە لە نێوانیاندا هەریەك لە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدە هەیە.
بڕیارەكە هەفتەیەك بەر لە دووەمین ساڵیادی هێرشە خۆكوژییەكە دێت كە لەو وڵاتە ڕویدا و بووە هۆی كوژرانی 279 كەس.
گۆتابایا راجاباكسا، سەرۆكی سریلانكا لە مەرسومێكی كۆماریدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوكرایەوە دەڵێت، هەر كەسێك پەیوەندی بەو ڕێكخراو و گروپانەوە هەبێت ڕوبەڕووی سزای زیندانیكردن تا 20 ساڵ دەبێتەوە.
بەر لە ساڵیادەكە، كاسۆلیكی وڵاتەكە هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان كرد بەهۆی شكستی حكومەت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژ بە بەرپرسانی هێرشەكان.
بەشێك لەو ڕێكخراوانەی بڕیارەكەیان دەرهەق دەركراوە پێشتر پەیوەندیداربوون بە بەرپرسی سەرەكی تەقینەوەكان.
راجاباكسا وتی، ئەم هەنگاوە كە بەپێی یاسای دژەتیرۆر گیرایەبەر، هەوڵەكانی حكومەت پەرەپێدەدات لە بڵاوكردنەوەی ئاشتی لە وڵاتدا.
لە نیسانی 2019 حەوت هاوڵاتی سریلانكایی هێرشیان كردەسەر سێ كڵێسا و سێ هۆتێل و بەر لە هێرشەكەش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی ئەوكاتی داعش ڕایگەیاند.
س: مۆنت كارلۆ