كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، ئەو پارەیەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەڵبژاردنی وڵاتەكە تەرخانی كردووە، ڕاستەوخۆ نەخراوەتە سەر هەژماری كۆمسیۆنەكە.
جەمانە غەلاوی، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ سێشەممە 13ی نیسان ڕایگەیاندووە، “ئەو پارەیەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەڵبژاردنی عێراق پێشكەشی كردووە، نەخراوەتە ئەستۆی كۆمسیۆن، بەڵكو بە خشتەیەكی تایبەت خەرج دەكرێت”.
ئەوەشی خستوتەڕوو، “هەماهەنگییەك هەیە لەنێوان نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئاشكرایكرد، “یەكێتیی ئەوروپا بڕی 5 ملیۆن و 510 هەزار یۆرۆی لەڕێی پرۆژەیەكی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە تەرخان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق”.
نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەشی خستوەتەڕوو، “كۆی ئەو پارەیەی لەڕێی ئەو پرۆژەیەوە تەرخان كراوە بۆ هەڵبژاردنی عێراق، 18 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری ئەمریكی”.