نەتەوەیەكگرتووەكان بانگەوازێك لەبارەی زۆنگاوەكانی عێراقەوە بڵاودەكاتەوە

زۆنگاوەكانی باشووری عێراق

نەتەوەیەكگرتووەكان بانگەوازێك بۆ هاوكاریكردنی ژیانەوەی ناوچەی زۆنگاوەكان لە عێراق بڵاودەكاتەوە و ئەمریكاش بۆ ئەو مەبەستە بڕی چوار ملیۆن دۆلار تەرخاندەكات.

زۆنگاوەكانی عێراق بە دیارترین ناوچە شوێنەوارییە جیهانییەكانی سەر بە یونسكۆ دادەنرێت، خاكە شێدارەكە ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە دروستبوونی شارستانیەتەكان و فەراهەمكردنی ئاووهەوای بایۆلۆجی سەقامگیر بۆ زۆرێك لە گیاندار و باڵدارەكان.

بەهۆی گرنگی ناوچەكەشەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سووربوونی خۆی نیشاندا لەسەر دەستەبەركردنی پشتیوانی دارایی پێویست بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ناوچەكە كە لەئێستادا لەبەردەم مەترسی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوادایە.

ئیدارەی ئەمریكا ڕایگەیاند، چوار ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێدان لە زۆنگاوەكانی عێراقدا تەرخاندەكات، وەك وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژی سێشەممە 2ی شوبات لەلایەن نوسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروبارە مرۆییەكان بڵاوكرایەوە بەبۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی ڕێككەوتنی (ڕامسار) بۆ پارێزگاری و بەكارهێنانی بەردەوامی ناوچە شێدارەكان.

نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتەكەیدا جەختیكردەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی عێراق بە ڕێككەوتنەكە لەڕێی “دامەزراندنی تۆڕێك لە ناوچە پارێزراوەكان”، ئاماژەی بەوەشكرد كە زۆنگاوەكان لەڕێی پشتیوانیی گونجاوەوە دەشێت ببێتە سەرچاوەی “پەرەپێدانی كەرتی سێیەم” كە پشت بە بەڕێوەبردنی ناوچەكە و گەشتوگوزار و میوانداری ببەستێیت، كە لە درێژ مەودادا بەشداردەبێت لە پاراستن و بەردەوامیدان بە سیستمی ژینگە و دیمەنە سروشتییەكان.

شوێنەواری جیهانی
بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ژینگە لە ساڵی 2004ەوە پشتیوانیی حكومەتی عێراق دەكات لە هەوڵەكانی بۆ بەڕێوبردنی ناوچە بایۆلۆجییە جۆراوجۆر و سەرەكییەكانی وڵات كە دەكەوێتە نێوان هەردوو ڕوبارەكەیەوە، لەگەڵ دانانی زۆنگاوەكان وەك ناوچەیەكی شوینەواریی جیهانی لە ساڵی 2016دا و دانانی پلانی بەڕێوبردنی ژینگەیی ناوچەكە.

ساڵی 2008 عێراق ڕێككەوتنی (ڕامسار)ی پەسەندكرد كە چوار زەویی شێداری خاوەن گرنگی نێودەوڵەتی لە باشووری عێراق دیاریدەكات، ئەوانیش زۆنگاوەكانی باشوورە لە هەردوو پارێزگای زیقار و بەسرە و، زۆنگاوی هامر و، زۆنگاوی حوێزە لە بەسڕە و میسان و، دەریاچەی سوا لە پارێزگای موسەننا.

ڕژێمی سەدام حسێن كە لەمیانەی جەنگەكەیدا لەگەڵ ئێران لە ساڵانی 1980 تا 1988 دانیشتووانی زۆنگاوەكانی بە خیانەت تۆمەتباركرد، ژمارەیەك بەنداوی دروستكرد و، لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ناوچەكەی وشك كردەوە بەمەبەستی ئاشكراكردنی ئەوەی بە “یاخیبووان” ناویدەبرد كە لەنێو ڕووەكەكانی نزیك لە ئاوەكانیدا خۆیان حەشاردەدا.

پاش ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدامیش لە ساڵی 2003دا، دانیشتووانی ناوچەكان زۆرێك لەو بەنداوانەیان ڕوخاند بۆ جارێكی دیكە ڕێگەدان بە شەپۆلی ئاو بەرەو ناوچەكە، هەروەك زۆرێك لە ڕێكخراوە ژینگەییە بیانییەكان هاوكاربوون لە دووبارە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ زۆنگاوەكان.

زۆنگاوەكان لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو 9 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیان داپۆشیبوو، بەڵام تا ساڵی 2002 كەمبووەوە بۆ 760 كیلۆمەتر چوارگۆشە و دواتر نزیكەی 40%ی ناوچە بنەڕەتییەكەی لە ساڵی 2005 بەدەستهێنایەوە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا: کاری لەپێشینەی یەکێتی دابینکردنی بودجە و قووتی کوردستانە

بابەتی دواتر

كەعبی بۆ حكومەت: نووسینگەیەك لە شنگال بكرێتەوە بۆ ڕزگاركردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share