قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی ڕەمەزاندا چاودێرییەکانیان چڕتر دەکەنەوە و ڕێگە بە گرانکردنی نرخ و ساغکردنەوەی خواردن و کاڵای زیانبەخش نادەن.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی نیسان وتی، لە مانگی ڕەمەزاندا لیژنەکانیان چاودێرییەکانیان چڕتر دەکەنەوە و بەڕۆژ و شەو سەردانی ھەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە خواردن و پێداویستی تێدا دەفرۆشرێت.
وتیشی، “ڕێگە بە گرانکردنی نرخ و ساغکردنەوەی خواردن و کاڵای زیانبەخش نادەن و ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە”.
ئەو وتانەی قائیمقامی سلێمانی لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامی سلێمانی و تیایدا لیژنەكانیشی ڕاسپارد لەپێناو تەندروستی و بەرژەوەندی گشتیی خەڵک بەوردی بەدواداچوون بکەن و ڕێگە بەھیچ جۆرە سەرپێچییەک نەدەن.
ئاوات محەمەد، ئەوەشی ڕونكردەوە، لەپاڵ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن، لیژنەهاوبەشەكان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەکەن لە ھەموو ئەو شوێنانەی کە بە مەرج رێگە بەکارکردنیان دراوە لەئەگەری پابەند نەبونیان بەرێکارەکان رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبنەوە.