ڕێكارەكانی كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی لە هەرێم دەستیان پێكردووە

بەهۆی كەمی بارانبارینەوە لە ئەمساڵدا، بەنداوە گەورەكانی هەرێم كەمترین ئاویان گلداوەتەوە، بەڕێوبەری بەنداوەكانی هەرێمیش دەڵێت، بارودۆخەكە خراپە و داهاتی ئاو كەمە.

 وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانێكە بۆ ئەوەی، زیانەكانی وشكەساڵی كەم بكاتەوە، بڕیاریشە سبەی بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەكەیەك بەڕێوەببات.

بارودۆخی بەنداوەكانی هەرێم چۆنن؟

سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر بەنداوەكان، ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بارودۆخی بەنداوەكان زۆر خراپن و داهاتی ئاومان زۆر كەمە، نیوەی ساڵی پار باران باریوە، بەنداوە بچوكەكان باشترن، بەڵام بەنداوە گەورەكان زۆر خراپن”.

بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكان ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ بەگشتیی سەرچاوەكانی ئاومان خراپن، لە هەولێر و گەرمیان و چەندین ناوچەی هەرێم وشكەساڵی ڕاگەیەندراوە، لە هەرێمی وشكەساڵی ڕێژەییمان هەیە و وشكەساڵی كشتوكاڵی ڕویداوە”.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەكان، ئەكرەم ئەحمەد ئاشكرایكرد، “بەرهەمی خاك كەمدەبێت و ئاژەڵەكان كێشەیان دێتەپێش، ئاو كەم بەردەدرێتەوە و ئەوەش وا دەكات بەرهەمی كارەباش كەمبێتەوە”.

چارەسەر چییە؟

بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم وتی، “دەبێت دەست بە ئاوی بەنداوەكانەوە بگرین چونكە نازانین ساڵی داهاتوو بارودۆخمان چۆن دەبێت، لانی كەم دەبێت بەشی خواردنەوە بۆ شارەكان، ئاو بیهێڵێنەوە”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “وەزارەتی كشتوكاڵ ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانی وشكەساڵییە، لەگەڵ فەرمانگەكانیدا سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارییە بۆ ئەو مەبەستە”.

لەبارەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، ئەكرەم ئەحمەد ئاماژەی بەوەكرد، “ئەگەر وڵاتانی دراوسێ ئاو بەردەنەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام ئەوە ئێران 10 ساڵە ئاوی گرتووەتەوە و وەڵامی كەس ناداتەوە و عێراقیش خۆی بێدەنگ كردووە، وڵاتانی دراوسێ ئاوی خۆیان گرتووەتەوە”.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر وشكەساڵی كۆدەبێتەوە

لەلایەكی دیكەوە، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی، یاداشتێكیان واژووكردووە و داوا دەكەن ئەنجومەنەكە لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە.

محەمەد ڕەسول، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانیی ئەنجومەنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەهۆی دروستبوونی وشكەساڵی لە سنوورەكە بەتایبەت بە گەرمیان، چەند گرفتێكمان لە یاداشتێكدا خستوەتەڕوو، داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنمان كردووە بۆ ئەو مەبەستە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوەشی خستەڕوو، “كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەن كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەكرێت تایبەتە بەو پرسە”.

ئاشكراشیكرد، “سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك كراوە لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێم سەبارەت بە هەمان پرس، كە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت”.

لەو یاداشتەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێماندا ئاماژە بەوەكراوە، وشكەساڵی بووەتە هۆی دروستبوونی چەند گرفتێك لەوانە، “بە بەرهەمنەهاتنی دەغڵ و دان لە سنوورەكە، نەمانی لەوەڕگا بۆ ئاژەڵان، كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و مەترسیی چۆڵبوونی چەندین گوندی سنوورەكە”.

چەندین گرفتی دیكەش خراوەتەڕوو، كە بەهۆی وشكەساڵییەوە هاتوونەتە پێش و داوایانكردووە، هەردوو بەڕێوبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و گەرمیان و هەردوو بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی و گەرمیان ئامادەی كۆبوونەوەكە بن.

بەهۆی وشکەساڵییەوە کشتوکاڵی بەراوی بەردەم بەنداوەکان قەدەغەکران

لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بەڕێوبەری بەنداوەکانی عێراق و بەرپرسانی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان و حەمرین بڕیاردراوە کە ئاوی بەنداوەکان بۆ کشتوکاڵ بەکارنەهێندرێت و تەنها بۆ خواردنەوە و باخداری بێت.

9ی نیسان، کازم سەهر جابر، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکانی عێراق و حاتەم حەمید، بەڕێوبەری گشتیی سەنتەری نیشتمانیی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی کارەبای هەرێم و بەڕێوبەری بەنداوەکانی هەرێم کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی وشکەساڵی و کەمی ئاوی بەنداوەکان تاووتوێکراوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیاز کراوە بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەنداوی کەلار لە بەردەسور دروست بکرێت، کە کاریگەرییەکی باشی دەبێت بۆ ئایندەی ناوچەکە و دیزاینەکەشی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تەواوکراوە و ئامادەیە.

هەرلە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی ئەوەش کراوە، ئاوی بەنداوەکان تەنها بۆ مەبەستەکانی خواردنەوە و باخداری بەکار بهێنرێت و کشتوکاڵی بەراو قەدەغە بکرێت، هاوکات داواکرا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە حکومەتی فیدراڵی عێراق ئیلتزاماتی خۆی جێبەجێ بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان ڕەچاو بکرێت.

بابەتی پێشتر

عێراق بەڵێنداوە کە پارەی غاز و کارەبا بداتە ئێران

بابەتی دواتر

ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەیوەندییەكانی بەغداد و تاران ئاشكرا كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: گەشتەكانی فڕۆكەخانە ئاساییبوونەوە

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانە ئاساییبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تێیدا هاتووە، بەهۆی خراپیی…
Total
0
Share