ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر دەگاتە سلێمانی

بریتییە لە دوو هەزار و 340 ژەمە ڤاكسین

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گەیشتە عێراق، بڕیارە هەر ئەمشەو پشكی تایبەت بە سلێمانی بگات.

دەشنێ شەماڵ، بەڕێوبەری كوتان لە سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ئاگاداركراینەوە كە پشكی سلێمانی لە ڤاكسینی فایزەر بریتییە لە دوو هەزار و 340 ژەمە ڤاكسین.

وتیشی، “بڕیارە ئەمشەو كاروانی یەكەمی ئەو پشكە كە پێكدێت لە هەزار و 170 ژەم بگاتە سلێمانی”.

دەشنێ ئەوەشی وت، پاش بەكارهێنانی نیوەی ئەو كاروانە، بڕیارە كاروانی دووەمی پشكی سلێمانی كە هەزار و 170 ژەمی دیكەیە بنێردرێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاویكردەوە، یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گەیشتووە، وەك هەنگاوی یەكەمی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكیی بەرهەمهێنی ڤاكسینەكە كراوە.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی-ش ئاشكرایكرد، كاروانەكە پێكدێت لە 50 هەزار ژەمە ڤاكسین.

ئەوەشی وت، “ڤاكسینی فایزەر لە سبەینێ-وە لە سەرتاسەری وڵات بەردەستدەبێت” كە بەوتەی ئەو 50 ناوەند لە بەغداد و پارێزگاكان بۆ پێدانی ڤاكسینەكە بە هاوڵاتیان تەرخاندەكرێت.

هەر ئەمڕۆ 200 هەزار ژەمە ڤاكسین كە لەلایەن حكومەتی چینەوە پێشكەشكراوە و لە جۆری سینۆفارم- دەگاتە عێراق، وەك ئەوەی حەسەن تەمیمی ئاشكرایكرد.

پێشتریش 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی سینۆفارم و 336 هەزار ژەمە ڤاكسینی ئەسترازینیكا گەیشتە عێراق و بەسەر هەرێمی كوردستان و پارێزگاكاندا دابەشكرا.

بابەتی پێشتر

زێدان یاری داهاتوو بەبێ سەنتەری بەرگری ئەنجامدەدات

بابەتی دواتر

گۆڕان: پارەمان لە پارتی وەرنەگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share