زێدان یاری داهاتوو بەبێ سەنتەری بەرگری ئەنجامدەدات

بەهۆی کەڵەبوونی کارتی زەرد و پێکانەکانەوە، زینەدین زێدانی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خیتافێ ناچارە بانگهێشتی لاوانی کاستیا بکات.

لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی ڕیاڵ بەرانبەر بەرشلۆنە، ناچۆ فێرناندێز کارتی زەرد بەڕوویدا بەرزکرایەوە و ژمارەی کارتە کەڵەکەبووەکانی گەیشتە پێنج، بەم هۆیەشەوە ناتوانێت لە ڕوبەڕوبوونەوەی هەفتەی داهاتووی مێرەنگی (یەکشەممە) بەرانبەر خیتافێ بەشداریبکات.

دوورکەوتنەوەی ناچۆ لە کاتێكی هەستیاردایە و هاوکاتە لەگەڵ پێکانی سێرجیۆ ڕامۆس، لوکاس ڤاسکێز، دانی کارڤاخال، هەروەها توشبوونی ڕافائێل ڤاران بە کۆرۆنا، بۆیە “زیزۆ” بۆ یاری هەفتەی 31 تەنها ئیدێر میلیتاو و بنجامین مێندی بەردەست دەبێت تاوەکو وەک سەنتەری بەرگری بەشدارییان پێبکات.

بەپێی زانیاریەکانی ئێزگەی کادینا کۆپێ، زێدان بە ناچارییەوە بۆ یاری داهاتوو بانگهێشتی ڤیکتۆر چاست دەکات، کە یاریزانێکی لاوە و لە پێکهاتەی دووەمی یانە “کاستیا” یاریدەکات.

چاست لە نۆی شوباتی ئەمساڵ یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی لەگەڵ پێکهاتەی یەکەمی یانەی شاهانە بەهەمان شێوە بەرانبەر یانەی خیتافێ ئەنجامدا.

لەڕووی تاکتیکییەوە ڕاهێنەرە فەرەنسیەکەی ڕیاڵ ئەگەر هەیە مێندی و میلیتاو وەک سەنتەری بەرگری بەکاربخات و مارسێلۆ و ئۆدریزۆلا بکاتە هاوکارییان بە هێڵی چوار بەرگری، هەروەها پلکانی سێ بەرگریشی چەند جارێک تاقیکردووەتەوە و بەم شێوازە تەنها میلیتاو سەنتەری بەرگری دەبێت و مێندی لەگەڵ یەکێک لە مارسێلۆ، یاخود ئۆدریزۆلا یارییان پێدەکرێت.

بابەتی پێشتر

نرخی دراوەكان.. دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر دەگاتە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share