پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی گەنجێك ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، بەناوی ئاسایشەوە ڕێگری لە هاوڵاتییەک كردووە و پارە و مۆبایلی لێسەندووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان ڕایگەیاند، بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ا.ص.م.) دەستگیرکرد، کە لە گەڕەکی هەولێری نوێ بەناوی ئاسایشەوە ڕێگری لە هاوڵاتییەک کردووە و پارە و مۆبایلی لێسەندووە.
وتیشی، “تۆمەتبار، کە هاوڵاتییەکی مەدەنییە و هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی ئاسایشەوە نییە، دوای دەستگیرکردنی ڕادەستی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان کرا”.
دوێنێش هۆگر عەزیز ئاشكرایكرد، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر دوای چاودێرییەكی وردی كەسێك، كە بە جلوبەرگی ئافرەتانەوە سواڵی دەكرد، توانییان ناسنامەكەی ئاشكرابكەن و دەستگیری بكەن.
وتیشی، “تۆمەتبار پیاوە و خۆی كردبووە ئافرەت و دەرۆزەی بە سێ لە خوشكەزاكانی دەكرد”.