پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووە، شەش ژن بە تۆمەتی دزیكردن لە شارەزوور دەستگیر كراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان، لە ڕاگەیەندراوێكدا، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوای سەربە بەشی پۆلیسی شارەزوور، لە دوو ڕوداوی جیاوازدا و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، شەش ژنیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی دزیکردن دەستگیرکرد”.
سەبارەت بە وردەكاریی دەستگیركردنی ئەو كەسانە پۆلیسی سلێمانی ئەوەی ئاشكراكردووە، “پاش ئەوەی ھاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی 10 ملیۆن دیناری لە ناحییەی عەربەت لێ دزراوە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “توانرا چوار ژن لە ناحییەی سەیدسادق و عەربەت بە تۆمەتی دزینی پارەکە دەستگیر بکرێن و دەستیشگیرا بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە دزیبویان”.
پۆلیس ڕاشیگەیاندووە، “لەلایەکی دیکەوە مەفرەزەکانی پۆلیس دوو تۆمەتباری ژنیان لە ماڵێکدا لە ناحییەی وارماوا دەستگیرکرد، کە بەنیازبوون کەلوپەل و پارە لەو ماڵە بدزن”.
سەرجەم تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و لەئێستاشدا بە بڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 444 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، وەك پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووە.