یوڤانتۆس ئۆفەری نوێکردنەوەی بۆندی دیبالای کشاندووەتەوە

گفتوگۆکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی پاولۆ دیبالا لە یانەی یوڤانتۆس گەیشتووەتە بنبەست و نوێنەرانی بیانکۆنێری ئەو ئۆفەرەیان کشاندووەتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا پێشکەشیانکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی فوتباڵ ئیتاڵیا، لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوبەرانی بیانکۆنێری بۆندێکیان بە هەمان مەرج و خەسڵەتەکانی پێشوو و موچەی ساڵانە بەبڕی 10 ملیۆن یورۆ پێشکەشی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە کردووە، بەڵام لێپرسراوی کارەکانی دیبالا و خودی یاریزانەکە بەو بۆندە قایل نەبوون.

دیبالا ماوەیەکە کێشەی کارگێڕی لەگەڵ سەرۆکایەتی لاڤیکیا سنیۆرا بۆ دروستبووە و داوا دەکات موچەکەی بۆ 15 ملیۆن یورۆ بەرزبکرێتەوە، هەروەها مەرجیشی ئەوەبووە لە وەرزەکانی داهاتوو هاوشێوەی کریستیانۆ لە پێکهاتە سەرەکییەکاندا جێگەی بکرێتەوە.

فوتباڵ ئیتاڵیا نوسیویەتی، دوای دەرکەوتنی ئامانج و خواستی یاریزانەکە و لێپرسراوی کارەکانی، سەرۆکایەتی یوڤی ئەو ئۆفەرەشیان ڕەتکردووەتەوە کە پێشتر پێشکەشیان کردووە و ڕایانگەیاندووە، کە تەنها ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی، قایلبوونە بە ئۆفەری 10 ملیۆن.

لە کۆی زانیارییەکانەوە دەردەکەوێت، دیبالای تەمەن 27 ساڵ بەم جۆرەی ئیدارەی یوڤانتۆس داوایدەکات بە ڕێککەوتن ناگات، بۆیە ڕەنگە وەرزێکی دیکە بەردەوامبێت و هاوینی 2022 بێبەرانبەر ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات.

دیبالا لە هاوینی 2015 بەبڕی 40 ملیۆن یورۆ لە یانەی پالێرمۆوە پەیوەندی بە یوڤانتۆسەوە کردووە، تاوەکو ئێستا لەکۆی 243 یاری 98 گۆڵی تۆمارکردووە، چەندین یانەی گەورەی وەک بەرشلۆنە و تۆتنهام و ئێڤەرتۆن و مانچستەر یونایتد خواستیان لەسەر گواستنەوەی نیشانداوە.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دادەنیشێت

بابەتی دواتر

ڕێگە بە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ نەدرا بچێتە نێو پەرلەمانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share