چەند كەسێكیش برینداربوون.. بومەلەرزەكە لە پێنجوێن زیانی مادی لێكەوتووەتەوە

نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن دوای بومەلەرزەكە

بومەلەرزەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پێنجوێن كاریگەرتر بووە و قایمقامی قەزاكە دەڵێت، چەند كەسێك لەكاتی هەوڵی چوونە دەرەوەدا برینداربوون و ژمارەیەك خانوو و فەرمانگە و مزگەوتیش زیانی مادییان بەركەوتووە.

كاتژمێر 06:12ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 6ی نیسان بومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.3 پلەی ڕێختەر سلێمانی و دەوروبەری هەژاند و سەنتەرەکەی شەش کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پێنجوێن و 39 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری بانە لە قوڵایی 10 كیلۆمەتردا بووە.

زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تائێستا لە كۆكردنەوەی ئامارداین لەگەڵ هەردوو ناحیەی گەرمك و ناڵپارێز، چونكە زیاتر خەمی گوندە دوورەدەستەكانمانە، بەهۆی ئەوەی خانووەكانیان لە قوڕ و دار دروستكراوە.

وتیشی، “لەناو پێنجوێن-دا درزتێبوونی دیواری خانوو هەبووە، هەروەها هەندێك فەرمانگە و مزگەوت زیانی مادییان پێگەیشتووە”.

زانا ڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك هاوڵاتیش لەكاتی هەوڵدان بۆ هاتنە خوارەوە لە قاتی دووەمەوە بۆ خوارەوە، یان لە كاتی هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵ برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

نەخۆشخانەی پێنجوێن لەڕووی مادییەوە لە سەرجەم فەرمانگەكانی دیكە زیانی زیاتری بەركەوتووە، كاشییەكانی دەرەوەی بیناكە و ژوورەوەش زیانیان پێگەیشتووە، وەك ئەوەی قایمقام ئاماژەی پێدا، زیانی هاوشێوەش بە چەند مزگەوتێك گەیشتووە.

بەپێی سەنتەری بومەلەرزەزانی ئەوروپا، ناوەندی بومەلەرزەكە یەک کیلۆمەتر دوور بووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر ڕویداوە.

بومەلەرزەكە لە (سلێمانی، پێنجوێن، هەڵەبجە، دەربەندیخان، پشدەر، سەیدسادق و شارەزوور) لەلایەن هاوڵاتییانەوە هەستیپێكرا.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەكی بەهێز سلێمانی و دەوروبەری هەژاند

بابەتی دواتر

پیاوێك كە بەجلوبەرگی ئافرەتانەوە سواڵی دەكرد دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەزموونەکان ڕوونکردنەوە لەبارەی هاککردنی وێبسایتەکەیان دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی سەربە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی هاککردنی وێبسایتی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە بڵاوکردەوە و ئەو…
Total
0
Share