یاریزانانی تۆتنهام و ستافی یانە لە لێدوانەکانی مۆرینیۆ سەریان سوڕماوە

دوورخستنەوەی دوو یاریزانی پێکهاتەی سەرەکی بەرانبەر نیوکاسڵ گومانی دروستکردووە و یاریزانانی تۆتنهام سەرسامن بە لێدوانەکانی مۆرینیۆ لەو بارەیەوە.

پێدەچیت لە ناوخۆی یانەی تۆتنهام چەندین کێشەی ئاڵۆز و چارەسەرنەکراو بوونیان هەبێت، لەم بارەیەوە میدیاکان بەڵگە دوورخستنەوەی دوو یاریزان دەهێننەوە بەرانبەر نیوکاسڵ بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو.

دوای یەکسانبوونی تۆتنهام بەرانبەر نیوکاسڵ (2-2)، لەبارەی دوورخستنەوەی هەریەک لە تۆبی ئاڵدەرڤێرڵدی بەرگریکاری بەلجیکی و سێر ئوریێی بەرگریکاری کۆتدیڤواری لە پێکهاتەی سپێڕز، مۆرینیۆ ڕایگەیاند، ” ئەوان کێشەی جەستەییان نییە، بەڵام تاوەکو شەممە هیچ ڕاهێنانێکیان نەکردووە، دوای گەڕانەوەیان لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیان پشکنینی کۆرۆنایان کردووە بۆ ئەوەی شەممە بگەڕێنەوە سەر یەکەی مەشقوڕاهێنانەکان، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ڕاهێنانیان نەکردووە و تەنها شەممە ئامادەبوون”.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ و چەند سەرچاوەیەکی دیکە دووپاتیانکردووەتەوە، کە دوو یاریزانی ناوبراو ڕۆژانی پێنجشەممە تاوەکو شەممە ئامادەی سەرجەم یەکەکانی مەشقکردن بوون بەتایبەت ئاڵدەرڤێرڵد، بۆیە یاریزانان و ستافی یانە سەریان سوڕماوە لە لێدوانەکانی جوزێ و پێیان وایە کێشەیەک لەنێوان ڕاهێنەرەکە و دوو بەرگریکارەکەدا هەیە، تەنانەت وێنە و گرتە تۆمارکراوەکانی یانەی تۆتنهامیان تایبەت بە کاتی ڕاهێنانەکان بە بەڵگە هێناوەتەوە تیایدا یاریزانە بەلجیکیەکە بوونی هەبووە.

لە ڕوبەڕوبوونەوەی نیوکاسڵ کە ڕۆژی شەممە ئەنجامدرا، لە جێگەی ئاڵدەرڤێرڵد، مۆرینیۆ بڕیاریدا جۆی ڕۆدۆن بەگەربخات و لە پێگەی ئوریێ یاری بە جافێت تانگانای یاریزانی لاوی ئینگلیزی کرد.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. لەسەر پابەندنەبوون بەڕێكارە تەندروستییەكان 75 شوێنكار سزادەدرێن

بابەتی دواتر

دۆرتمۆند دەرگای بەڕووی سانچۆدا کردەوە: چاوەڕێی ئۆفەری ناوازەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share