ئەمڕۆ 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرکردنی بڕیاری (688 )ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە دەست و قاچی ڕژێمی بەعسی بەستەوە بۆ هێرش یان ترساندنی کورد لە باشوری کوردستان.
لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و وەدەرنانی حکومەتی بەعس لە ناوچە کوردییەکان سوپای عێراقی ئەوکات لە بەهاری 1991 دا خۆی ڕێکخستەوە بۆ گەڕانەوە بۆ باشور و وا ڕایگەیاند دەگەڕێتەوە و تۆڵە دەکاتەوە، ئەمە کارێکیکرد کە زۆرینەی خەڵکی هەرێم بەرەو وڵاتانی دراوسێ بەڕێکەوتن و کۆڕەوەکەی خەڵکی باشور درووستبوو، کۆڕەو هۆکاری سەرەکی کۆبوونەوە و بڕیاردانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی ٥ی نیسانی 1991 بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی بە ژمارە (688 ) دەرکرد بۆ پاراستنی کورد لە هێرش و هەڕەشەکانی رژێمی عێراق، له دانیشتنی ژمارە (2982 ) ئەنجومەنی ئاسایش به زۆرینەی (10 ) دهنگ بڕیاری (688 )ی دەرکرد و تەنیا سێ وڵات لەگەڵ بڕیارەکە نەبوون ئەوانیش بریتی بوون لە (زیمبابۆی و کوبا و یهمهن) دوو ئهندامیش کە (چین و هیند) بوون بێلایەن بوون.
ئەم بڕیارە بەتەنها بریتی نەبوو لە پاراستنی کورد لە هەڕەشەکانی سەدام لەعێراقدا، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەشی لەنێوان کوردستان و بەشەکانی تری عێراق دروستکرد کە بە هێڵی (36 ) ناسراوە، بەوەش کورد تاڕادەیەک لەمەترسیەکانی سەدام رزگاری بوو کۆتایی بەدەسەڵاتی حکومەتی عێراق لەناوچە کوردییەکان هات و جارێکی دیکە ڕژێمی بەعس نەیتوانی بە سوپاوە بگەڕێتەوە یان بە فڕۆکە مەترسی لەسەر کورد دروستبکات.
دەرکردنی ئەم بڕیارە کوردی لە کوردستانی عێراقدا بردە قۆناغێکی نوێوە بەجۆرێک توانی هەر سێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک وەک هەرێمێکی سیاسی و ئیداری جیاواز لە دەسەڵاتی حکومڕانی سەدام پێکبێنێت و کەوتە ژێر چاودێری ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
ئەمریکا و هاوپهیمانهكانی بۆ راگهیاندنی ناوچه ئارامهكان پشتیان به بڕیاری ژماره 688ی ئهنجومهنی ئاسایش بهست، بۆیه بڕیاری ژماره 687 دهركرا و وایكرد تهواوی وڵاتانی ڕۆژئاوا درك بهوه بكهن، كه ڕاگهیاندنی ئهو ناوچانه یاسایین و لهسهر بنهمای یاسای نێودهوڵهتی بۆ مافهكانی مرۆڤ پێكهێنراون، ئەمریکا و بەریتانیا بە تایبەت جەختیان لەوە دەکردەوە فڕۆکەکانی ئەوان ئەو هێڵە دەپارێزن کە لە باکورەوە بۆ کوردەکان دروستکراوە و لە باشورەوە بۆ شیعەکان، پاساوی پاراستنی ئەو دوو ناوچەیەش دروستنەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی بوو، وەک کۆڕەوەکەی باشوری کوردستان.