ئەمساڵیش بەهۆی كۆرۆناوە خولی سێیەمی تاقیكردنەوە هەیە

ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری 124 هەزار خوێندکار و 18 هەزار چاودێر و سەرپەرشتیار دەستیانپێکرد، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەش هەرخوێندکارێک لە خولی دووەم تووشی کۆرۆنا ببێت، خولی سێیەم تاقیکردنەوە ئەنجامدەدات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی نێوان هەرسێ وەزارەتی پەروەردە، تەندروستی و کارەبا ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی وزاری بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد.

وتیشی، سەرجەم ڕێکارە خۆپارێزییەکان لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەگیرێنەبەر و خوێندکار دەبێت ماسک و ماددەی پاککەرەوە بەکاربهێنن و دووریی نێوان خوێندکارانیش بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان دیاریکراوە.

وەزیری پەروەردە سەبارەت بە ئەگەری توشبوونی خوێندکار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و چارەنووسی تاقیكردنەوەكانی ڕایگەیاند، ئەگەر خوێندکارێک لەکاتی تاقیکردنەوەکان تووشی کۆرۆنا ببێت، سەرجەم تاقیکردنەوەکان لە خولی دووەمدا ئەنجام دەداتەوە، یان ئەو تاقیکردنەوانەی بەهۆی کۆرۆناوە نەیتوانیوە ئەنجامی بدات، خولی دووەم دەرفەتی دەبێت.

بەپێی وتەی وەزیری پەروەردە، ئەگەر خوێندکارێک لەکاتی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان تووشی کۆرۆنا ببێت، بە بەڵگەی لایەنی تەندروستی پشتڕاستبکرێتەوە، دەرفەتیان پێدەدرێت لە خولی سێیەمدا تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، “هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، کە 159 خوێندکارمان بەهۆی توشبوونیان بە کۆرۆنا لە خولی دووەمدا، دەرفەتیان پێدرا خولی سێیەم ئەو تاقیکردنەوانە ئەنجام بدەن”.

لە هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی 124 هەزار و 869 خوێندکار بەسەرجەم بەشەکان بەشدار دەبن، کە تاقیکردنەوەکان لە دوو هەزار و 367 هۆڵ بەڕێوەدەچن و 16 هەزار وسێ مامۆستا سەرپەرشتیان دەکەن.

هەروەها شەش هەزار و 934 خوێندکاری دەرەکیش بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن.

بابەتی پێشتر

تەنها لەڕێگەی بازگەکانەوە زیاتر لە 127 هەزار گەشتیار لەڕۆژانی جەژندا هاتوونەتە هەولێر

بابەتی دواتر

كازمی سەردانەكەی ئەمریكای دەستپێكرد.. عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەر نییە، بەڵام

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share