بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكا كۆبووەوە

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكا كۆبووەوە، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکانەوە کرا و هەردوولا جەختیان لە ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتری نێوان ھەرێم و ئەمریکا کردەوە.

نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا كرد کە پێکهاتبوون لە جەنەراڵ جۆن تایگەرت، گەورە ڕاوێژكاری سەربازیی ئەمریكا لە عێراق و رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و وەفدێكی یاوەریان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “لە دیدارەكەدا دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکانەوە کرا و هەردوولا جەختیان لە ھەماھەنگی و ھاریکاریی زیاتری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد لەپێناو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە”.

لە دیدارەكەدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە، “پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرەتایەکی گرنگە بۆ نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی تر و کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکان”.

جموجوڵی تیرۆریستانی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا جەختیان لە مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کردەوە لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.

هەماهەنگی و پەیوەندی پتەوی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەمریکا بە گرنگ وەسفکرا و هەردوولا هاوڕابوون کە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئەرکی هەموولایەکە و پێویستە هەوڵەکان لەو پێناوەدا چڕ بکەنەوە.

هاوشانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و ڕاهێنانیان، ڕۆڵی ئەمریکا بە گرنگ و پێویست ناوبرا و هاوسەرۆک داوای هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری لە شاندەكە کرد، وەك نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

بەزەبری هەڕەشە پارەیان سەندووە.. دوو برا لە هەولێر دەستگیركران

بابەتی دواتر

زێدان: 15 فاینەڵمان لەبەردەمدا ماوە و تاوەکو کۆتایی دەجەنگین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
38
Share