شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی گازی دوانەئۆكسیدی گۆگرد لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا دەگاتە عێراق، دەشڵێت، گازەكە مەترسیدارە بۆ سەر چاو و كۆئەندامی هەناسە.
سادق عەتییە، پێشبینیكاری كەشوهەوای عێراقی و شارەزای كەشناسی لە فەیسبوكی خۆیەوە بڵاویكردەوە، بەپێی نەخشەكانی ژینگە، شەپۆلێكی گەورەی گازی دوانەئۆكسیدی گۆگرد (So2) ڕوو لە سوریا و دواتر عێراق و توركیا دەكات.
گازەكە بەهۆی تەقینەوەی بوركانی ئیتنا لە دورگەی سقڵیەی ئیتاڵی دەرچووە، وەك ئەوەی عەتییە ئاماژەی پێداوە.
دەشڵێت، گازی دوانەئۆكسیدی گۆگرد گازێكی ژەهراوییە (ئەگەر چڕییەكەی لە هەوادا زۆر ببێت)، بێ ڕەنگە و بۆنێكی ناخۆشی هەیە، بەشێوەیەكی سروشتی لە (چالاكییەكانی بوركان، شیبوونەوەی مادە ئەندامییەكان، كێڵگەكانی نەوت، كارگە و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا یاخود لە تاقیگەدا) دروستبكرێت.
ئەو شارەزایە هۆشداری ئەوەشدەدات، بوونی گازەكە لە هەوادا دەبێتە هۆی هەڵمژینی و بەمەش زیان بە چاو و كۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت، هەروەك دەشێت لە ئاودا بتوێتەوە و بەمەش بارانێكی زیانبەخشی بەدوادابێت.
ڕونیشیكردوەتەوە، شەپۆلەكە لە 24 كاتژمێری داهاتوودا دەگات بەڵام جێگیرنییە، ئەگەر جێگیربووایە هەڵمژینی زیاتر و زیانەكەی زۆرتر دەبوو.