بۆ هێنانەدی ئاشتی، سۆدان هەنگاو بەرەو عەلمانیەت دەنێت

ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی سۆدان و بزوتنەوەی حلو

جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت، بێلایەنی لە پرسە ئاینییەكاندا، زامنكردنی ئازادی بیروباوەڕ، ئەمانە بەشێك بوون لە بەندە سەرەكییەكانی ئەو ڕێككەوتنەی حكومەتی سۆدان لەگەڵ بزوتنەوەی میللی ئازادی سۆدان-باكوور واژۆیكرد.

ڕێككەوتنەكە بە بنەمای سەرەكیی وتوێژەكانی ئاشتی دادەنرێت، كە بڕیارە یەكخستنی هێزە چەكدارەكان و چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتی عەلمانی بەدوادابێت.

بزوتنەوەی میللی-باكوور كە لە ساڵی 2011 دامەزرا، یەكێكە لە بزوتنەوە چەكدارە یاخیبووەكانی دژ بە حكومەتی سۆدان، كە تا ئەم ڕۆژانەی دوایی چوونە پاڵ هەر ڕێككەوتنێكی لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆندا ڕەتكردەوە بەبێ بڕیاردان لەسەر عەلمانی بوونی دەوڵەت.

هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر پێكەوە كاركردن بۆ هێنانەدی سەروەریی سۆدان و سەربەخۆیی و یەكێتیی خاكەكەی و دروستكردنی سوپایەكی پیشەیی یەكگرتوو. هەروەك ڕێككەوتن بەوەی سۆدان وڵاتێكی فرە نەتەوە و ئاین و ڕۆشنبیرییە، بۆیە پێویستە دان بەم پێكهاتەیەیدا بنرێت و بەڕێوەببرێت و چارەسەری پرسی ناسنامەی نیشتیمانی بكرێت.

شاری جۆبا لە باشووری سۆدان میوانداری مەراسیمی ڕێككەوتنەكەی كرد لەلایەن هەریەك لە فەریق عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆكی ئەنجومەنی سەروەریی سۆدان و عەبدولعەزیز ئادەم حلو، سەركردەی بزوتنەوەی میللی-باكوور كە لە هەردوو ولایەتی باشوور كردڤان و نیلی شین-ە.

هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی فیدڕاڵی لە سۆدان، كە تیایدا ئازادی ئاینی و سورتە ئاینییەكان و پەرستن بۆ سەرجەم گەلی سۆدان فەراهەمبكرێت، ئەمەش لەڕێی جیاكردنەوەی ناسنامە ڕۆشنبیری و نەتەوەیی و ئاینی و لایەندارییەكان لە دەوڵەت.

بنەماكانی ڕێككەوتنەكە ئومێدبەخشە لەو وڵاتەدا كە ساڵانێكی بەدەست ململانێوە دەناڵێنێت و، مێژوویەكی درێژی دەسەڵاتی ئاینی هەیە، پرسیارەكەش ئەوەیە كە تا چەندێك ئەم بنەمایانە دەتوانرێت جێبەجێبكرێت؟

هەنگاو بۆ پتەوكردنی ئاشتی
دكتۆر عەبدولڕەحمان خریس، پسپۆڕی سیاسەتەكانی دەرەوە لە پەیمانگای دیپلۆماسی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی سۆدان وتی، ڕێككەوتنەكە گرنگە و لە كاتێكی گونجاودایە و، دەربڕی لێكنزیكبوونەوەی تێڕوانینەكانی هەردوولایە.

سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری خریس ئەوەشی وت، “كۆمەڵەی حلو لە گەورەترین كۆمەڵە یاخیبووەكانە كە كۆنتڕۆڵی ڕوبەرێكی جوگرافی گەورەی وڵاتیان كردووە، بۆیە ڕێككەوتن لەگەڵیدا بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت لە ڕێگای هێنانەدی ئاشتی لە وڵاتدا”.

لای خۆیەوە ڤۆلكەر بیرسیس، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سۆدان پێشوازی خۆی بۆ دانوستاندنەكان نیشاندا و لە تویتێكدا بە “هەنگاوێكی گرنگ بەرەو پێشەوە بە ئاراستەی ئاشتیی تەواوەتی لە سۆدان” ناویبرد.

عەلمانیەتی دەوڵەت
لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە “دەوڵەت ئاین بەسەر هیچ كەسێكدا ناسەپێنێت، هەروەك نابێتە هەڵگری ئاینێكی فەرمی، دەوڵەت بێلایەن دەبێت لەوەی پەیوەندی بە كاروباری ئاینی و كاروباری بیروباوەڕەو هەیە، لەهەمان كاتدا دەوڵەت ئازادی ئاینی و سروتە ئاینییەكان زامن دەكات و دەیپارێزێت، ئەم بنەمایانەش لە دەستوردا جێگەی دەكرێتەوە”.

هەروەك پێویستە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری و فرەیی سۆدان بێت و “لایەندارییان بۆ نیشتیمان بێت نەك حزب و كۆمەڵە”.

جەنگی میللی درێژخایەن
لەدوای سەربەخۆیی سۆدانەوە لە ساڵی 1956، جەنگی میللی درێژخایەن لەنێوان حكومەت لە خەڕتوم و باشووری سۆدان درێژەی هەیە، كە ئەمەی دواییان لە ساڵی 2011 بووە وڵاتێكی سەربەخۆ، ناكۆكییەكان گەیشتە دارفۆر و نیلی شین و باشووری كردڤان.

ئەم ململانێیە نزیكەی نیو سەدەی خایاند و بووە هۆی كوژرانی چوار ملیۆن كەس و ئاوارەبووانی 10 ملیۆنی دیكە، لەكاتێكدا زیانە داراییەكان بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

هەولێر.. دوو كەس بە تۆمەتی چوار تاوانی دزیكردن دەستگیركران

بابەتی دواتر

وەزیری پێشمەرگە لە بارەی موچەوە پەیامێک ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە خوار 83 دۆلار…
Total
0
Share