لە سلێمانی چەند بڕیارێك بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەركران

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی لەبارەی خۆپارێزییەوە دەركرد، دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەڵمەتێكدا هاوڵاتییان ناچار دەكەن دەمامك ببەستن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی كۆبووەوە، لە كۆبوونەكەدا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دەركران.

لەنێو بڕیارەكانی لیژنەكەدا هاتووە، “لە ڕۆژی 1ی نیسانەوە، تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیر و جوڵا و بە هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتوچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکەن، لەدوای ئەو ماوەیەوە هەر هاوڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی هەشت لە بەیانی ژمارە (10)ی ساڵی (2021) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت”.

لە یەكێك لەو ڕێنماییە 13 خاڵییەدا ئاماژە بەوەشكراوە، “بەڕێوبەر و بەرپرسی هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکی حکومی و ناحکومی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێری و لێپرسینەوەی هەرکەس و بوار و شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت”.

“لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و تەندروستیی گشتی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت”، وەك لە خاڵێكی بڕیارەكاندا هاتووە.

 

بابەتی پێشتر

"هێزە ئەمریكییەكان دەیان تیرۆریستی داعشیان لە هۆلەوە گواستووەتەوە بۆ حەسەكە"

بابەتی دواتر

دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە بودجە دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
14
Share