لویس فیگۆ: بەرشلۆنەم بەجێهێشت لەبەرئەوەی ڕێزیان نەگرتم

دوای تێپەڕبوونی (20) ساڵ بەسەر گواستنەوەی لە یانەی بەرشلۆنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، لویس فیگۆی ئەستێرەی دێرینی هەڵبژاردەی پۆرتوگال چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەنجامدا.

لە وەڵامەکانیدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی گواستنەوەی لە بەرشلۆنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید کرد، کە لەو کاتەدا لەلایەن کەتەلۆنییەکانەوە بە خیانەتی گەورە ناوبرا، هەروەها باسی چەندین بابەتی گرنگی دیکە دەکات.

ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

(20) ساڵ بەسەر گواستنەوەت لە بارساوە بۆ ڕیاڵ تێپەڕدەبێت، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەمووی باسی تۆیە..

بڕوام پێبکە بەهۆی پەیوەندییەکی تۆوە بیرمکەوتەوە لەم کاتانەدا پەیوەندیم بە ڕیاڵەوە کردووە، ئەوەش دەریدەخات کە پیربووم.

بۆندەکەت هیچ شتێکی لە مێژووی ڕیاڵ گۆڕی؟

زۆر نا، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە ڕێڕەوی تۆپی پێی ئیسپانیای گۆڕی، لەبەرئەوەی هەرگیز جوڵەیەکی هاوشێوە ڕووینەدابوو.

بۆندەکەت سەرەتایەک بوو بۆ دروستبوونی تۆپی پێی بازرگانی، گالاکتیکۆسی هێنایە بوون؟

ڕەنگە سەرەتایەک بووبێت بۆ بونیادنانەوەی ڕیاڵ مەدریدی نوێ، تەمەنێکم لەگەڵ چەندین یاریزانی ناوازە لەو یانەیە بەڕێکرد، چەندین نازناویشم بەدەستهێنا.

کەی بە یەکەمین هەنگاوەکانی ڕیاڵ مەدریدت زانی؟

لە پاڵەوانیەتی نەتەوەکانی ئەوروپا یاریمدەکرد، هاوین بوو، وەرزێکی ناوازەم پێشکەشکردبوو، ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بوون، لەو کاتەدا خوسێ ڤیگای لێپرسراوی کارەکانم پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم کە یانەی لازیۆ و چەند یانەیەکی دیکە ئامادەییان دەربڕیوە نرخی شکاندنی بۆندەکەم پێشکەشبکەن، ڕیاڵ مەدرید لەنێوان ئەو یانانەدا بوو.

بەجدی مامەڵەت لەگەڵ خواستی سەرۆکایەتی ڕیاڵدا کرد؟

گوێبیستیان بووم، بەڵام زۆر گوێم پێنەدا، پاشان بۆندەکان بۆ ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە بەرزکرانەوە، ئەوانیش بەگرنگییەوە لێیان نەڕوانی.

هەرگیز پەشیمان نیت لەو بڕیارە؟

لەڕاستیدا نەخێر، سەرەڕای ئەوەی هاوینێکی ئاڵۆز بوو.

ڕاستە لەکۆتا ساتەکاندا لە پەیوەندیکردن بە ڕیاڵ مەدرید پەشیمانبوویتەوە و داوای پارە و پاداشتت لە نونێزی سەرۆکی بەرشلۆنە کردووە؟

ئەوە درۆیە، هەرگیز لەگەڵ نونێز قسەم نەکرد نە لەکاتی ئەنجامدانی یورۆ و نە لەکاتی حەوانەوەکان، لەو کاتانەدا نە لەگەڵ نونێز نە لەگەڵ گاسپارت قسەم نەکرد، بگرە پێچەوانەکەی ڕوویدا، لەو کاتەدا پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچوون، ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژنامەی سپۆرت بڕیاریدابوو سەردانم بکات، گاسپارت هەلەکەی قۆستبووە و لەڕێگەی ئەو ڕۆژنامەنوسەوە بەڵگەنامەیەکی مۆرکراوی بۆ ڕەوانەکردم، هێندەی ئەو بڕە پارەیەی پێبەخشیم کە ڕیاڵ مەدرید پێشکەشیکردبوو، ئامادەیشی نیشاندابوو قەرەبووی هەموو پاداشتە لەدەستچووەکانم بکاتەوە.

بۆچی بەرشلۆنەت بەجێهێشت؟

کە لە جێگەیەک کاردەکەیت و بەپێی پێویست ڕێزت ناگرن دۆخەکە بێزارت دەکات، لە بەرشلۆنە ئەوە ڕوویدا، منیش بڕیاریمدا ڕێڕەوی داهاتووم بگۆڕم.

بۆ یەکەم جار کەی چاوت بە فلۆرنتینۆ پێرێز کەوت؟

بۆ یەکەم جار لە نوسینگەی پارێزەرەکەم لە لشبۆنە چاوم پێیکەوت، ئەوکاتەی لە حەوانەوەکان گەڕامەوە و بڕیارمدا پەیوەندی بە ڕیاڵەوە بکەم.

چی پێوتی؟

دوو دڵ بوو تا ئەو کاتەی بۆندەکەم واژووکرد، دڵنیانەبوو بۆند لەگەڵیاندا واژوودەکەم یان نا، پێی وتم تۆ پەیوەندی بە یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهانەوە دەکەیت، دەبیتە خاوەنی دەستکەوت و نازناو، هەوڵیدا قەناعەتم پێبکات.

دوای ئەوەی ڕیاڵ مەدریدت بەجێهێشت بێهیوا نەبوویت لە پێرێز؟

لەڕاستیدا ئەو سەرۆکەش بەباشی مامەڵەی لەگەڵدا نەکردم، لە کۆتا ساتەکانم لە ڕیاڵ مەدرید زۆر بێزاریکردم، پێموابوو پەیوەندی ڕاستەوخۆم لەگەڵیدا هەیە، بەڵام کاتێک هەست بە خیانەت دەکەیت بەچاوێکی دیکە لە بابەتەکان دەڕوانیت.

هەستت بە خیانەت کرد؟

بەڵێ، لەبەرئەوەی بابەتەکان ڕوون نەبوون، سەرەڕای ئەوەی بۆندەکەم سێ مانگی تەواوی مابوو لەپڕ لە پێکهاتەی سەرەکی ڕیاڵ دوورخرامەوە، بەتایبەت لەو هەفتەیەوە کە یاریی کلاسیکۆمان بەرانبەر بەرشلۆنە ئەنجامدا، چیتر لە یاریزانێکی سەرەکییەوە بووم بە یەدەگ.

پێرێز وەک ڕائول و فێرناندۆ هیێرۆ هەرگیز داوای لێکردوویت بگەڕێیتەوە بۆ ڕیاڵ؟

بەڵێ، ئێمە بۆ ماوەی ساڵێک پەیوەندییەکانمان ئاسایی بووەوە، بەڵام من پەیوەندیم پێوەنەکردنەوە، چونکە ئەوکاتە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کارمدەکرد.

ئێستا ئامادەیت بگەڕێیتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید لەکاتێکدا پێرێز سەرۆکی یانەیە؟

ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامت بدەمەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناگەرێمەوە بۆ مەدرید بۆ ئەوەی ببمە کەسێکی یەدەگ.

کە زێدان بووە ڕاهێنەر سەرسام نەبوویت؟

سەرەتا سەرسامبووم لەوەی دەیەوێت ببێتە ڕاهێنەر، بەڵام دوای ئەوەی کە بڕیاریدا دڵنیابووم لەوەی توانا و ژیری هەیە بەباشترین شێوە بارودۆخەکە بەڕێوەببات.

ڕیاڵ لەگەڵ زێدان شانسی هەیە؟

پێویستە هەمیشە بەدوای شانسدا بگەڕێیت و کاری بۆبکەیت، زێدان ڕاهێنەرێکی لەسەرخۆیە و خاوەن ئەزمون و توانای ڕاهێنانە، ئەوەی دەیکات پەیوەندی بە شانسەوە نییە.

ژووری جلگۆڕینەکان و کارکردن لەگەڵ گالاکتیکۆس قورس نەبوو؟

لەڕاستیدا بەو شێوەیە نەبوو، هەموو یاریزانان دەیانزانی چ ڕۆڵێکیان هەیە، تائێستاش پەیوەندیەکی توندوتۆڵمان هەیە بەیەکەوە.

بۆ بەردەوامبوون لەسەر سەرکەوتنەکان، ڕیاڵ پێویستی بە نوێکارییە؟

بەپێچەوانەوە، ڕیاڵ خاوەنی لیستێک یاریزانی گەورە و بەهرەدارە، ئەوە ڕێخۆشکەربوو بۆ بردنەوەی لالیگای ئەم وەرزە، بەش بەحاڵی خۆم سەرسامم بە شێوە یاریکردن و ئاستیان، ئەگەر یاریزانێک تەمەنی 36 ساڵ بێت و ئاستی بەرزبێت کێشە چییە؟ مۆدریچ بەنموونە.

مباپێ نزیکدەبێتەوە لەوەی ببێتە سەرتیپی پێکهاتەیەکی نوێی ڕیاڵ مەدرید..

کیلیان بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان ئەژماردەکرێت، خاوەن بەهرە و توانای هونەری ناوازەیە، نازانم دەتوانێت درێسی مێرەنگی بپۆشێت یان نا.

لەئێستادا چاوەڕێی چی لە مێسی دەکرێت؟

مێسی دیاردەیە، گرنگترین شت ئەوەیە یاریزانێکی هێندە گەورە لە ناوخۆ و دەرەوەی یانە پاڵپشتی بکرێت.

لەئێستادا مێسی بەو شێوەیە پاڵپشتی ناکرێت، کەواتە لە یانەی بەرشلۆنە دۆخەکە ئاڵۆزدەبێت ؟

لەبەرئەوەی لەناوخۆی یانەی بەرشلۆنە کارناکەم، هیچ زانیارییەکم پێنییە تا پێتانی بدەم.

ئێستا سەرسامیت بە چ یانەیەک؟

سەرسامم بە لیڤەرپوڵ و ڕیاڵ مەدرید کاتێک سەرکەوتن تۆماردەکەن، هەروەها بەرشلۆنە کاتێک بە شێوازی خۆی یاریدەکات، بەشێوەیەکی گشتی حەزم بەو یانانەیە کە بەشێوازی هێرشبەری یاریدەکەن و نمایشی شانۆیی پێشکەشی هاندەرانیان دەکەن.

دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک ڕاهێنەر لەسەر کورسی یەدەگ بتبینین؟

بەڵی دەکرێت لە یاریگا بمبینن، بەڵام وەک هاندەرێک، وەک کەسێک بیەوێت تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرێت.

بابەتی پێشتر

ئالێگری: سەرسامم بە گواردیۆلا و ئەوەی زێدان بە کاسیمێرۆی دەکات ماستەر کلاسە

بابەتی دواتر

بارتومیۆ: کومان پێی وتین مێسی کۆڵەکەی پڕۆژە نوێیەکەم دەبێت لە بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share