چەکدارەکانی نزیک لە ئێران “لەناو دڵی مافیاگەریی دەروازە سنورییەکاندان”

بە ناونیشانی چەکدارەکانی نزیک لە ئێران “لەناو دڵی مافیاگەری دەروازە سنورییەکاندان” ئاژانسی فرانس پرێس ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چەکدارانی نزیک لە ئێران کە لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا مانگانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن و لەگەڵ “بەرپرسانی گەندەڵی عێراقی بەشی دەکەن”.

ئاژانسەکە دەڵێت، لە بەدواداچوونێکی شەش مانگیاندا گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی تۆڕێکی بەربڵاوی سەربە حەشدی شەعبی لەناو بەشێک لە دەروازە سنورییەکاندا بڵاوبوونەتەوە و “ڕەشوە وەردەگرن و باجی نایاسای هەڵدەگرنەوە بۆ خۆیان و دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە بۆ ئەو کارانەی لە عێراقدا ئەنجامی دەدەن”.

فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو پارەیەی چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سنورەکان دەستیان دەکەوێت بەشیان کردووە لەگەڵ سیاسییەکانی عێراق و ئەندام پەرلەمانەکان و هەر بەرپرسێکی دەروازەکانیش ناڕەزایی دەرببڕێت ئەوا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، یان هەر بە ڕاستی دەکوژرێت”.

خاڵی سنوری مەندەلی دەستی چەکدارانی بەدر، “سەرچاوەی دارایی میلشیاکان”

بەپێی ڕاپۆرتەکەی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی عێراقەوە گواستویەتییەوە بەشێک لە دەروازە سنورییەکان سودەکانیان دەچنەوە گیرفانی گروپە چەکدارە شیعەکان و ئەوەش بە پشتگیری ئێران و سیاسیەکانی عێراق.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، “گروپە چەکدارییە شیعەکان ئەندامانی خۆیان وەک پۆلیسی سنور و کارمەندی گومرگ لە خاڵە سنورییەکان دادەمەزرێنن و دواتر بۆ دەربازکردنی بارە قاچاغ و ڕێگەپێنەدراوەکان بەرتیل وەردەگرن و ئەوەش سەرچاوەیەکی باشی داهاتە بۆ گروپەکان”.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە گروپە سودمەندەکان لەم کارە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانن، بە تایبەت “ئەسایب اهل حق” و “حزباللە” و دواتر پارەکە بە ڕیزبەندی دابەشدەکرێت بەسەر بەرپرس و سیاسییەکانی دیکەدا.

دەروازەی سنوری مەندەلی کە بە دەست سوپای بەدرەوەیە و نزیکە لە ئێرانەوە جێگەی گواستنەوەی ملیۆنان بار و کاڵای قاچاغ و نەشیاوە و سنورەکە بۆ کاری بەرژەوەندی نێوان چەکدارەکان و ئێرانیش بەکارد‌ێت بەهۆی نزیکی لە بەغداد و ڕێکی لە سنوری سوریاوە، ئەمەش یەکێکە لەو زانیاریانەی ڕۆژنامە فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە.

بەرپرسێکی گومرگ لە خاڵە سنورییەکان ئاشکرایکردووە، “لە بەشێک لە خاڵە سنورییەکان چەکدارەکان دەتوانن ڕۆژانە 10 هەزار دۆلار بەرتیل وەربگرن و دواتر بۆ خۆیان و چەک و چالاکی بەکاری بهێنن”.

بابەتی پێشتر

عێراق.. بۆمبێك بە كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی هاوپەیمانان تەقییەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا لە بەردەوامبوونی "هێرشەكانی داعش" لە سنووری دەسەڵاتی هەرێم و عێراق نیگەرانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share