ڕامۆس: ڤاڵڤێردی لەپێناو ڕیاڵدا خۆی کردە قوربانی و زێدان هۆکاری چنینەوەی نازناوەکانە

سێرجیۆ ڕامۆس، بەرگریکاری پۆڵایینی یانەی ڕیاڵ مەدرید چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەنجام دەدات و ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگ و نەبیستراو دەکات، سەبارەت بە جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەو ساتانەی یاریزانانەی یانەکە پیایدا تێپەڕیان کردووە.

دەزانیت، تۆ تەنها دوو نازناوت ماوە ڕێژەی دەستکەوتەکانت لەگەڵ خینتۆی ئەفسانە هاوتا بکەیتەوە؟

بەڵێ دەزانم، ئەوەش لەسەر ئاستی تاکە کەسی ژمارەیەکی جوانە، بەڵام لەوە گرنگتر ئاستی بەکۆمەڵی یانەکەمە، ناوازەیە سەرەتای وەرز بە دەستکەوتێک دەستپێدەکەین و سەلماندمان لە جامی سوپەردا باشترینین، ئێستا پێویستە بەهەمان ئاست و دینامیکی کارکردن لە خول و پاڵەوانێتیەکانی دیکەش بەردەوامبین.

بە ئەنقەست بڕیارتدا بەرانبەر ئەتلەتیکۆ چوارەم لێدانی یەکلاکەرەوە جێبەجێ بکەیت؟ یاخود بە تیروپشک یاریزانە لێدەرەکانتان هەڵبژارد؟

نەخێر بە ئەنقەست نەبوو، ئەوە بڕیاری پێشوەختەیە و من لێدەری ژمارە چواری لێدانە یەکلاکەرەوەکانم، دەبوو پێشتر لێدانی یەکلاکەرەوە ئاڕاستە بکەم، چونکە قولەپێم ئازاری تێدابوو دەترساین ماسولکەکانم سارد ببنەوە و زیاتر ئازارم بدەن، بەڵام بەهەرشێوەیەک بوو تا لێدانی چوارەم دانم بەخۆمدا گرت، دڵنیابن بڕیاری من نەبوو چوارەم لێدان ئاڕاستە بکەم.

زێدان لەم نێوەندەدا ڕۆڵی چی بوو؟

زێدان خاوەنی هەموو ئەو نازناو و دەستکەوتانەیە کە یانەکەمان بەدەستی دەهێنێت، بە دڵنیاییەوە زیزۆ هۆکاری ڕاستەقینەیە و ژمارەکان ئاماژە بە کارەکانی دەکەن، من یەکەم کەسم بەرگری لە زێدان دەکەم ئەگەر بێتو یاریزانەکانی دیکە بەرگری لێنەکەن، ئەگەر یاریزانانیش ئەوە نەکەن هەرگیز ئەنجامەکانمان باش نابێت، ئەنجام و نازناومان هەبێت یان نا زێدان لەژووری جلگۆڕینەکان شایستەی هەموو ڕیزێکە.

یەکێک لەو حاڵەتە یاساییانەی هەڵای ناوەتەوە کاردە سورەکەی ڤاڵڤێردیە، ڕات چییە لەو بارەیەوە؟

ئەوە تۆپی پێیە، فیدی لەپێناو یانەکەیدا خۆی کردە قوربانی، خاوەنی کەسایەتیەکی ناوازەیە و ئەوەش لە یانەیەکی وەک ڕیاڵ مەدرید زۆر گرنگە، من بەش بەحاڵی خۆم زۆر خۆشحاڵم بەوەی ئەم یاریزانە لاوە دەیکات و پێشکەشی یانەکەمانی کردووە.

یەکێکی دیکە لەوانەی ئاستی بەرز پێشکەش دەکەن تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیە، بەرانبەر ئەم یاریزانە چی دەڵێیت؟

تیبۆ بە قۆناغێکی گرنگ و بەهێزدا تێپەڕدەکات و زۆر گرنگە گۆڵپارێز لەناو گۆڵەکەیدا هەست بە ئارامی بکات، ئەو گۆڵپارێزیكی گەورەیە و لە وەرزێکدا چەندین خاڵت بۆ دەگەڕینێتەوە، پێویستە گۆڵپارێزی ڕیاڵ مەدرید لەو ئاستە باڵایەدا بێت.

چیت هەیە بۆ ئەو ڕەخنە قورسانەی لەسەرەتای وەرزەوە ئاڕاستەتان دەکرا؟

هیچ کەسێک ڕووگیر ناکەم، ئێمە کە دەستمان بە پڕۆسەی نوێ کرد دەمانزانی لە داهاتوودا چی دەبێت و چۆن ڕووبەڕوی ڕەخنەکان دەبینەوە و چی بەدەست دەهێنین، ئێستا بەری ڕەنج و ماندووبوونی سەرەتای وەرز دەچنینەوە، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە پڕۆسەی یانەی شاهانە بەباشی بەڕێدەکات، لە یەکەم ڕۆژەوە پێیەکانمان بەهێزەوە لەنێو یاریگادا جێگیر کردووە و هەوڵدەدەین هەر بەو شێوەیە بەردەوامبین تا کۆتایی وەرز.

 


بابەتی پێشتر

فابینیۆ: نازانم ئێمە مەزنترین یانەی پریمەرلیگین یان نا، بەڵام ڕیکۆردەکانمان شایەنی ڕێزگرتنن

بابەتی دواتر

جێرارد: لە چێڵسی و بایرنەوە نزیکبووم و ڕیاڵ مەدرید دەیویست جەنگ هەڵگیرسێنم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج پرسیار لە هالاند

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ستادیەم ئاسترۆ”، ئێرلینگ هالاند بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. ڕۆیشتنی سانچۆ هەواڵێکی ناخۆشبوو؟ من…
Total
0
Share