بەشیر حەداد: پشكی هەرێم لە بودجەدا كێشە نییە

بەشیر حەداد ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی حكومەتی عێراقی ئاشكراكرد و ڕاشیگەیاند، “پشكی هەرێم لە بودجەدا كێشە نییە و باسی لێوە نەكراوە”.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی، پلاندانان، كۆمەڵایەتی و شارەوانی و نەوت و ڕاوێژكارەكانیان كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر كێشەكانی بودجە كرا”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد، “گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر بودجە كرا، لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە، نابێت لە بودجەی ئەمساڵی عێراق قەرزی نوێی هەبێت و ڕێگەپێدراو نییە، بارودۆخی وڵات بەرگەی ئەوە ناگرێت”.

سەبارەت بە نرخی دۆلار بەشیر حەداد ئاشكرایكرد، “سەبارەت بە دۆلار حكومەت بەرگری لەو هەنگاوەی خۆی دەكات و دەڵێت لەبەر بەرژوەندیی وڵات نراوە و پەشیمان نییە، لیژنەی داراییش لەگەڵ ئەوەدان بۆیە دیسان ناگەڕێنەوە سەر كەمكردنەوەی نرخی دۆلار”.

لەبارەی پشكی هەرێم، جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی، “بە هیچ جۆرێك باس لە پشكی هەرێم نەكراوە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پشكی هەرێم كێشە و گرێكوێرە نییە”.

“شاندی هەرێم پێشتر بە مادەی 10 و 11ی پرۆژەكە ڕازی بووە، تەنانەت بەوەش ڕازی بوو كە لیژنەی دارایی دایڕشتەوە، لە لیژنەی داراییش دەنگی لەسەر درا و واژووی لەسەر كرا، شاندی هەرێم بە دەقە ئەسڵییەكە و جێگرەوەكەشی ڕازییە، بۆیە لەكاتی دەنگدانیش وەك نوێنەرانی كورد بە دەقی باوەڕپێكراوی لیژنەی دارایی ڕازیین و دەنگی پێدەدەین”، وەك بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەكردووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “هەر گۆڕانكارییەك لەبارەی پشكی كوردەوە بكرێت، جێی قبوڵ نییە، هەرچەندە داوایەكیش هەیە كە دووبارە دەنگدان بكرێتەوە بۆ ئەو دەقانەی لە پرۆژەیاساكەدا زیاد كراون یان گۆڕاون”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، “ئومێد دەكەین سبەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بدرێت، پێمان باشە شاندی هەرێم لێرە بن لەكاتی دەنگدان لەسەر بودجە”.

بابەتی پێشتر

هێشتا "هۆکارەکانی گرانبوونی مریشک" وەک خۆی ماونەتەوە

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەك: ئەوانەی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون و چاكبوونەتەوە زیاتر سوود لە ڤاكسین دەبینن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share