سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ڕۆژ بەسەر ئاشكراكردنی ئەنجامی سەرەتایی هێرشە موشەكییەكەی سەر بنكەی (حەریر) لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، بەرپرسانی بەغداد هیچ ڕێوشوێنێكیان نەگرتووەتەبەر، هەروەك ئەنجامی ئەو لیژنەیەشی ئاشكرانەكردووە كە تایبەت بە هێرشەكە دروستیكرد، وەك ئەوەی ڕۆژنامەیەك باسیدەكات.
ڕۆژنامەی (عەرەبی جدید) ڕاپۆرتێكی دەربارەی هێرشەكەی 15ی شوباتی ڕابردووی سەر هەولێر بڵاوكردووەتەوە و تیایدا دەڵێت، ئەگەرچی زیاتر لە 20 ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشە موشەكییەكە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمەوە تێپەڕیووە كە تیایدا پەنجەی تۆمەت بۆ گروپی (كەتائیب سەید شوهەدا) وەك ئەنجامدەری هێرشەكە درێژكرا، بەڵام بەرپرسانی بەغداد هیچ لێدوانێكیان لەسەر نەداوە، جگە لەوەی هیچ ڕێوشوێنێك نەگیراوەتەبەر و ئەنجامی ئەو لیژنەیەش ئاشكرانەكراوە كە تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە پێكهێنرا.
هێرشەكە كە بووە هۆی كوژرانی دوو كەس، یەكێكیان مەدەنی و ئەوی دیكەش كەسێكی بیانی كە گرێبەستی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبوو لەگەڵ برینداربوونی 9ی دیكە كە لەنێوانیاندا سەربازانی ئەمریكی هەبوو، بەدوایدا چەند هێرشێكی موچەكی دیكە هاتن كە بنكەی (بەلەد)ی ئاسمانی لە پارێزگای سەڵاحەدین لە 20ی شوباتی ڕابردوو و، بنكەی (عەین ئەسەد) لە ڕۆژئاوای ئەنبار لە 15ی ئەم مانگە گرتەوە. بەغداد هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ئەو هێرشانەش ئاشكرانەكردووە.
ڕۆژنامەكە لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی (نەسر) كە لەلایەن عەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتر سەرۆكایەتی دەكرێت، دەڵێت، “فشاری زۆر و هەوڵی سازشپێكردن لەلایەن لایەنە سیاسی و گروپە چەكدارەكانەوە ڕوبەڕووی حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەبێتەوە، بەتایبەت لەوەی پەیوەندی بە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر هەولێرەوە هەیە”.
وتیشی، “وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵ ڕاپۆرتی لێكۆڵینەوە و دانپیادانانی یەكێك لە تۆمەتبارانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، لەگەڵ ناوی ئەو كەسانەی لە لێكۆڵینەوەكاندا ناویان هاتووە و لەئێستادا لە بەغدادن، بەڵام هیچ جوڵەیەكی نەكردووە و تۆمەتبارانی بۆ لێكۆڵینەوە بانگێشت نەكردووە”.
ئەو پەرلەمانتارە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، باسی لەوەشكردووە كە ئاگاداری ڕێوشوێنەكانی ڕادەستكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بووە لەلایەن هەولێرەوە بە چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە حكومەتەكەی كازمی لەمیانەی سەردانێكی وەفدی كوردی بۆ بەغداد، بەڵام “سەرۆكوەزیران ڕوبەڕووی فشار دەبێت، بۆ جوڵەكردن دژی ئەو كەسانەی ناویان لە هێرشەكەدا هاتووە و هەشت كەسن و لەنێوانیاندا ئەبو ئالاو ولائی، سەركردەی كەتیبەكانی سەید شوهەدا و، كەسانی دیكە هەیە و سەرجەمیان لەنێو حەشدی شەعبی-دا كاردەكەن”.
ڕونیشیكردەوە، كازمی هەوڵیداوە دەستەی حەشدی شەعبی لە لێكۆڵینەوەكاندا بەشداری پێبكات، وەك هەوڵێك بۆ سوككردنی ئەو بەرپرسیارێتیانەی كەوتووەتە ئەستۆی، بەڵام فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبو فەدەك)، سەرۆك ئەركانی حەشد بەدەنگ داواكارییەكەی كازمییەوە نەچوون و داوایانكردووە بەرپرسانی هەرێم ئەو كەسەیان ڕادەستبكات كە دانی بە تۆمەتەكەدا ناوە، تا لە دروستی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان دڵنیابن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد كە لەهەمان كاتدا حكومەت نەیتوانیووە ئەو بەڵێنە بباتەسەر كە تایبەتە بە دورخستنەوەی گروپە چەكدارەكان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی هەولێری داوە، بەهۆی ڕەتكردنەوەی شوێنگۆڕین لەلایەن گروپەكانەوە. هەڵوێستی كازمیشی ڕونكردەوە بەوەی “نایەوێت گرفتی ئەمنی بەر لە هەڵبژاردنەكان (كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت) دروست ببێت، لەكاتێكدا هەندێك لایەنی سیاسی نزیك لە ئێران دەیانەوێت بۆ دوورترین ماوە دوایبخەن”.
دژەتیرۆر دەستگیركردنی یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی هەولێر ڕادەگەیەنێت
لای خۆیەوە عیماد باجەلان، سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، حكومەتی ناوەند توانای تەواوكردنی ئەو لێكۆڵینەوەیەی نییە كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕادەستی كراوە و ناشتوانێت ئەو كەسانە دەستگیربكات كە تێوەگلانیان لە هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر سەلمێندراوە.
ئەوەشی وت، “باوەڕمانوایە حاڵی دۆسیەكە هەمان حاڵی دۆسیە فەرامۆشكراوەكانی دوو ساڵی ڕابردوو دەبن”.
بەپێی وتەی باجەلان، “حكومەتی هەرێم سەرجەم فشار و هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە بەشێوەی سیاسی و بە ئامانجی داخستنی ڕەتكردوەتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا فشار و هەڕەشە لەلایەن هەندێك هێزی سیاسی و چەكدار لەسەر حكومەتی عێراق هەیە، بووەتە هۆی وەستاندنی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە بەغداد. ئەوەش هەمان ئەو فشارانەیە كە لێكۆڵینەوەكانی پێشووی لە پرسەكانی تیرۆر و بۆردومان و گەندەڵیی دارایی وەستاندووە”.
هاوكات موئەید جحێشی، شارەزا لە كاروباری سیاسی و ئەمنی عێراق دەڵێت، هەنگاونانی بەغداد لە لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە هێرشە موشەكییەكان ئەستەمە بەهۆی بوونی دەسەڵاتی چەكداری و سیاسی گروپەكان بەسەر حكومەتدا لە بەغداد.
جحێشی وتیشی، “لای كەس شاراوە نییە، هێزە سیاسی و گروپە چەكدارییەكانی لایەنگری ئێران، كۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر دۆسیەی ئەمنی و سیاسی و تەنانەت ئابوری لە بەغداد سەپاندووە، بۆیە حكومەتی عێراق ناتوانێت هیچ دۆسیەیەك بكاتەوە پەیوەندیدار بێت بەو لایەنانەوە، سەرەڕای ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان زانیاریی تەواویان هەیە لەسەر ئەو لایەنانە و ئەو كارە نایاساییانەی ئەنجامیاندەدەن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، فشارەكان تەنها لەلایەن لایەن و گروپەكانەوە نین، “بەڵكو هەندێكجار لە دەرەوە و لەلایەن كەس و لایەنە كاریگەرەكانی ئێرانیشەوە دەكرێن، بەهۆی ئەوەی كەتائیبی سەید شوهەدا بە دیارترین گروپەكانی ئێران لە عێراق دادەنرێت”.