لێشاوی دەستپێشخەری دەتوانێت عێراق لە چەقی بنبەستی سیاسی دەربهێنێت؟

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی مانگ و ڕۆژەكانی پاش هەڵبژاردنەكەی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، ژمارەی دەستپێشخەرییەكانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لە عێراق زیاددەكەن بەبێ ئەوەی تائێستا كاریگەرییان لەسەر گۆڕینی بارودۆخەكە بەدیبكرێت.

ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا، لە 9ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردرا.

لەوكاتەوە بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستەكان و چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو نەتوانراوە گرێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بكرێتەوە.

لەگەڵ بنبەستی سیاسی و شكستهێنانی هەوڵەكانی ڕابردوو، لایەنە سەرەكییە براوەكانی هەڵبژاردن ئامادەسازییان بۆ پێشكەشكردنی دەستپێشخەریی بە مەبەستی چارەسەری دۆخی چەقبەستوو ڕاگەیاند.

لەماوەی ڕابردوودا هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، چێوەی هەماهەنگی كۆكەرەوەی هێزە شیعییەكان و موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستپێشخەری جیاجیایان خستەڕوو.

پێشتر ماجد شەنگالی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی دەستپێشخەرییەکی مەسعود بارزانی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، بارزانی داوایکردووە حکومەت هەبێت، لەگەڵ حکومەتیشدا ئۆپۆزسیۆنی بەهێز بوونی هەبێت کە لە ڕێگای لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ڕۆڵێکی چاودێری گەورەی هەبێت، بە جۆرێک کە ئۆپۆزسیۆن سەرۆکایەتیی چەند لیژنەیەك وەربگرن و ڕۆڵیان هەبێت لە ئاگاداربوون لە پڕۆگرامەکانی حکومەت و شێوازی جێبەجێکردن و چاودێریکردنیان.

مستەفا كازمی و مەسعود بارزانی

لە 31ی ئازارى ڕابردوو و پێش دەستپێكی مانگی ڕەمەزان، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ماوەى 40 ڕۆژ مۆڵەتی دایە چێوەى هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكە بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق و ئەوەشی وەك دەستپێشخەرییەك ڕاگەیاند.

دوێنێش چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دەستپێشخەرییەكی بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ خستەڕوو كە نۆ خاڵ لەخۆدەگرێت، دەربارەی سەرۆك كۆمار داوای ڕێكەوتن لە لایەنە كوردستانییەكان دەكات، سەبارەت بە سەرۆك وەزیرانیش جەختدەكاتەوە كە پێویستە مافی گەورەترین فراكسیۆن پارێزراو بێت.

سەرەڕای ئەوەی بارزانی و سەدر هاوپەیمانییەكیان بەناوی “ڕزگاریی نیشتمان” پێكهێناوە، بەڵام هەریەكێكیان بەجیا دەستپێشخەرییان پێشكەشكردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە هەردووكیاندا جەخت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و بوونی ئۆپۆزسیۆن كراوەتەوە، كە مەبەستی ناڕاستەوخۆ لە بوونی ئۆپۆزسیۆن بەشداریپێنەكردنی هێزە شیعیەكانی دەرەوەی سەدر و هێزە كوردییەكانی دەرەوەی پارتی-یە لە حكومەتی داهاتوودا.

لە بەرامبەردا چێوەی هەماهەنگی لە دەستپێشخەرییەكەیدا سووربوون لەسەر پێكهێنانی حكومەتی سازان، بە لەبەرچاوگرتنی شیعە وەك گەورەترین پێكهاتە و مافی ئەوان لە دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن و ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكاتەوە.

سەبارەت بە كورد-یش چێوەی هەمانگی داوای لە لایەنە كوردستانییەكان كردووە بە ڕێككەوتن لەنێوانیاندا كاندێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەشبكەن و مەرجەكانیشی دیاریكردووە كە پێویستە “کەسێکی لێهاتوو و دڵسۆز و خاوەن مێژوو و ڕەفتاری چاک بێت. لەسەر پارتە کوردستانییەکان پێویستە هەوڵبدەن لێکتێبگەن و ڕێککەوتن لەسەر کەسێک بکەن، کە خاوەن ئەو خەسڵەتانە بێت”.

نوێترین دەستپێشخەری هەر دوێنێ لەلایەن موقتەدا سەدر-ەوە خرایەڕوو كە تیایدا داوا لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان دەكات لەماوەی 15 ڕۆژدا حكومەتی نوێ پێكبهێنن.

سەدر لە تویتێكدا سەرنەكەوتنی هەوڵەكانی ڕابردوو لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لەلایەن هاوپەیمانیی سێقۆڵی و، پێكهێنانی حكومەتی سازان لەلایەن چێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاند، هەربۆیە دەستپشخەرییەكەی ئاراستەی لایەنی سێیەم كرد كە ئەندامە سەربەخۆكانن لە پەرلەمان و داوایان لێدەكات “پێكهاتەیەكی سەربەخۆ” پێكبهێنن كە لە 40 ئەندام كەمتر نەبێت و بچنە پاڵ هاوپەیمانیی سێقۆڵی بۆ پێكهێنانی حكومەتی سەربەخۆ و ئەوان دەنگیپێدەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ وەزارەتێك وەربگرن.

ئەو داوایە لە خاڵێكی دەستپێشخەرییەكەی چێوەی هەماهەنگیشدا هاتووە و دەڵێت، بە ئامانجی دووركەوتنەوە لە “بنبەستی سیاسی” هێزەکانی چێوەی هەماهەنگی داوا لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەکەن، كاندیدێكی لێهاتوو، پاک، پەسەند و بێلایەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەدا پێشكەشبكەن كە پشتیوانیی هەموو فراکسیۆنەکانی نێو گەورەترین فراکسیۆنی هەبێت.

كۆبوونەوەی یەكەمی موقتەدا سەدر و سەرانی چێوەی هەماهەنگی

جاسم حلفی كەسایەتی و شارەزای سیاسیی عێراق لە وتارێكدا دەڵێت، “بە گەڕانەوە بۆ ڕووداوەكانی دانیشتنی یەكەم و ئەو كەشی فەوزا و پاڵپاڵێنەی تیایدا ڕوویدا، قوڵایی ئەو قەیران و قەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان ڕەوت و چێوە دەردەكەون، ئەمەش نیشانیدەدات كە ڕێڕەوی پێكهێنانی حكومەت ئاسان نابێت، بەڵكو وادەردەكەوێت دۆخەكە قەیرانی گەورەتری بەدواوە بێت”.

“ناكۆكی گەورە و جددی لەسەر ناونانی سەرۆك وەزیران و، وەزیران و، پشكی هەر فراكسیۆنێكە تیایدا” حلفی وادەڵێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، “سروشتییە كە هاوڵاتییان ئەم جۆرە لە ململانێ ببینن، بەهۆی ئەوەی بە حوكمی ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو كە پێشتر چەشتوویانە، دەزانن كە ململانێی دەسەڵاتداران بەردەوام لەدەوری بەرژەوەندییە كەسی و حزبی و توێژەكەیاندایە، لەسەر حسابی ئاسایش و خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە، سوودمەندی هەموو ئەوانە گەندەڵكاران و ولاتانی هەرێمییە لە باكوور و ڕۆژهەڵات و باشووریەوە، كە زیادبوونی ڕۆڵ و كاریگەریان لە ململانێ ناوخۆییەكاندا دیارە، ئامانجیشیان هیچ نییە جگە لە بینینی عێراق بە لاواز و برسی و شەكەتییەوە”.

لای خۆیەوە باسل حسێن، توێژەری كاروباری سیاسیی عێراق لە تویتێكدا دەڵێت، “لەكاتێكدا دەستپێشخەرییەكەی سەدر بۆ چارەسەری داخرانی سیاسی ڕاگەیەنرا، چێوەی هەماهەنگی هەنگاوینا بۆ دەستپێشخەرییەكی پێشوەختە و دەستپێشخەری بەرامبەر.. جەنگی دەستپێشخەرییەكان ئاماژەیە كە چارەسەری قەیرانەكە بوونی نییە، چارەسەری دیفاكتۆ (الأمر الواقع) زیاتر چاوەڕوانكراوە”.

ئەو توێژەرە دەشڵێت، “جەنگی دەستپێشخەری ئاماژەیە بۆ نەبوونی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە”.

بابەتی پێشتر

حكومەتی ڕوسیا ڕێگە بە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن نادات بچێتە وڵاتەكەیەوە

بابەتی دواتر

میدیایەكی ئەمریكی: هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال بە فیتی تورکیایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەرێمی سلێمانی دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانیی خەڵك؟
بەرپرسی پڕۆژەكە: بەهەرێمكردن تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی كوردی

هەنگاوەكانی پڕۆژەی بەهەرێمكردنی سلێمانی درێژەیان هەیە و بەرپرسی دەستەی پرۆژەكە دەڵێت، “تەنها چارەسەرە بەدەست خەڵكی ئەم ناوچەیەوە بێت”…
Total
0
Share