ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكان دەنگدان و تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە دانیشتنی بڕیاردراوی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدووردەزانن و دوپاتیدەكەنەوە، ناكۆكییەكان دەربارەی پشكی هەرێم بەردەوامە.
محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، بودجەی 2021 ڕۆژی شەممەی داهاتوو تێناپەڕێت، بەهۆی ئەوەی هەندێك پرسی ناكۆك تائێستا لەگەڵ كورددا ماوە، دەربارەی ئەو دەقانەی پشتی پێدەبەسترێت لەوەی پەیوەندی بە ڕێككەوتنی نەوتییەوە هەیە.
هاوكات مزر معەن، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (قەرار) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تائێستا دانوستاندنەكان لەنێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی خاڵە ناكۆكەكانی بودجە بەردەوامە.
وتیشی، “بەهۆیەوە بەدووریدەزانم یاسای بودجە لە دانیشتنی شەممەی داهاتوو تێپەڕێت، بەتایبەت لە هەرێم دەخوازرێت ئەوەی لەلایەن ناوەندەوە لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی نەوتی لەئەستۆیەتی جێبەجێی بكات”.
بەدر موختار، پەرلەمانتارێكی دیكەیە لە فراكسیۆنی بەدر و دەڵێت، ناكۆكییەكان تائێستا لەنێوان بەغداد و هەولێر ماون ئەوەی پەیوەندی بە مادەی 11ەوە هەیە.
ئەوەشی وت، “زۆرینەی نوێنەران تێپەڕاندنی بودجە ڕەتدەكەنەوە بەبێ بوونی ڕێككەوتن لەنێوان بەغداد و هەولێر”.
دوای ڕێککەوتنی هەینی ڕابردووی نێوان شاندی هەرێم و لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا و، دواتر ناکۆکی لەسەر هەندێک مادەی پڕۆژەیاساکە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە بۆ شەممەی داهاتوو دواکەوت.
دوێنێش حەسەن نازم، وەزیری ڕۆشنبیری و وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وتی، “گرێیەكی پەیوەندیدار بە پشكی هەرێم لە بودجەدا هەیە و تائێستا وتوێژی لەسەر دەكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “گرێیەكە درێژەی كێشا و پێویستە چارەسەر بكرێت، لەئێستادا ئێمە دەچینە مانگی چوارەوە بەبێ ئەوەی چارەسەر بۆ هەندێك لە گرفتەكانی بودجەی 2021 و لەنێوانیشیاندا پشكی هەرێم بكرێت”.
پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم وتی، ”شاندى هەرێم لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و جێبەجێکردنى ئەوەى ڕێککەوتنى لەسەر کراوە، وەک ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە یان ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان لەبارەى پشکى هەرێم کراوە.
وتیشی، ”حکومەتى هەرێم ڕەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجەدا”.