لیژنەی دارایی: تائێستا شیعەکان لەسەر هیچ دەقێکی جێگرەوە بۆ پشکی هەرێم ڕێکنەکەوتوون

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار ڕایگەیاند کە بڕیارە لە ڕۆژی دووشەممەدا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە بەڵام ئەگەری دواکەوتنی هەیە و پشکی هەرێمیش یەکێکە لە خاڵە بەربەستەکان.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕایگەیاند، “لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا بڕیارە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی بەڵام ئەگەری زۆرە دوابکەوێت”.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی دەنگدان لەسەر پرژەیاساکە ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی عێراق وتی، “هەریەکە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەیی گشتیی عێراق و یاسای دادگای فیدراڵی عێراق بەربەستن لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعییەکان کە ناڕاین لەسەر ئەو دەقەی لە پرۆژەیاساکەدا بۆ پشکی هەرێم دیاریکراوە هیچ دەقێکی جێگرەوەیان پیسکەشنەکردووە کە هەموویان لەسەری کۆکبن، تەنها یەک پێشنیار هەیە کە داوای 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکەن لەبری 250 هەزار بەرمیلەکەی هەرێم و ئەوەش هەموویان هاوڕانین لەسەری”.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت، “هەروەها ئەو مادەیەی پەیوەندی بە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە هەیە بەربەستێکی دیکەی بەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەیە و هەریەکە لە ژمارەی دادوەرەکان و میکانیزمی دانانیان و شارەزایانی ئاینیی لەدادگاکەدا و چۆنێتی دەرچوونی بریار لە دادگاکەشەوە کێشەن و لایەنەکان لەسەری ڕێکنەکەوتوون”.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشیر حەداد ڕایگەیاند کە بەدووری دەزانن لە ڕۆژی دووشەممەدا پرۆژەیاساکە پەسەندبکرێت.

لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا و بەوپێیەش هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد دەکات و حکومەتی عێراقیش %12.63ی کە پشکی هەرێمە ڕەوانەی دەکات.

بابەتی پێشتر

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی: نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە عێراق بەڕێژەی %14 بەرزبووەتەوە

بابەتی دواتر

كوشتنی ڕۆژنامەنوسان لە جیهاندا زیادیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share